توندوتیژی دژ بە ژنان لە جیهاندا زۆرە و بەپێی ئەو ئامارانەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بڵاویدەکەنەوە، لە سەرانسەری جیهاندا لە هەر 3 ژن، یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە.
ئەم توندوتیژیانە بەرامبەر ژنان و کچان، پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
زۆر جار توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بوونەتە هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی ژن.
ئەم توندوتیژیانە، کاریگەری زۆر نەرێنییان هەیە لەسەر کۆمەڵگە و وەها دەکەن ژنان و کچان نەتوانن خۆیان وەک بەشێک لە کۆمەڵگە ببینن. نە هەر ئەوەندە بەڵکو ئەو کاریگەرییە نەرێنیـیانە شیرازەکانی خێزان و کۆمەڵگە و بگرە وڵاتیش تێکدەدەن.
دەکرێت بگوترێت ڕۆژانە ئەو جۆرە هەواڵانە دەبیستین کە پەیوەندییان هەیە بە توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان دەکرێن.
ئەی لە بەرامبەردا چی دەبینین و دەبیستین؟
سەردێڕی زەقی هەواڵ، ناڕەزایی دەربڕینی کاربەدەستان، بەرزبوونەوەی دەنگی ئەو ڕێکخراوانەی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، هەندێک جار خۆپیشاندانیش دەکرێت ، بەیاننامەکان بڵاودەکرێنەوە، جموجۆڵێکی زۆر دەکەوێتە ناو دەزگا یاسایی و چاودێرییەکانەوە، بەڵام هەموو ئەم کاردانەوانە لە چەند ڕۆژێک تێپەڕ ناکەن و دواتر شتەکان ڕێچکەی ئاسایی خۆیان وەردەگرنەوە، وەک ئەوەی نە "با" بینرابێت و نە باران.
میوانی بەرنامە:
پەروا عەلی، نوسەر و لێکۆڵەر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
لە دوای هەر ڕووداوێکی توندوتیژی، بە تایبەتیش توندوتیژی بەرامبەر ژنان و کچان، پرسیارگەلێک بێ وەڵام ماونەتەوە، لەوانە؛ کێ بەرپرسیارە لەو ڕەوشە؟ بۆچی پڕۆژەیەکی یەکلاکەرەوەی چارەسەرکردن لە ئارادا نییە؟ دادگاکان دەتوانن چی بکەن؟ دەسەڵات دەتوانێت چ زەمینەیەک بڕەخسێنێت؟ ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری تریش لە کاتێکدا دەکرێن کە هەموو لایەک ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر ئەو توندوتیژیانە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تاوانبارە ڕاستەقینەکان هەمیشە نادیار دەمێننەوە لە نێوەندی ئەو ناڕەزایی دەربڕینانەدا.
بەڵگە نەویستە، ئەوکاتەی ژنان و کچان دەبنە دیلی کۆمەڵگەی پیاوسالاری، ئەوە یانی پێشێلکردن و زەوتکردنی مافەکانی نیوەی کۆمەڵگە و لەناوبردنی پارسەنگ و دادوەریی کۆمەڵایەتی.
درێژەدانیش بەم کەلتورە نابەجێیە، هیچ شتێکی لێ بەرهەم نایەت تەنها زیادبوونی توندوتیژیەکان نەبێت و نەک هەر تەنها پرس و گومان دەخاتە سەر ڕەوتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە، بەڵکو دەشبێتە تەگەرەیەکی گەورە لەبەردەم گەشەکردنی کۆمەڵگە و بشمانەوێت و نەشمانەوێت ڕۆژ بە ڕۆژ کارکردن بۆ لادانی و نەهێشتنی ئەو تەگەرانەش، قورستر و سەختتریش دەبن.
پەروا عەلی، نوسەر و لێکۆڵەر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5