ڕۆژی دووشەممە بڕیاربوو لە دادگای تاوانی دووی هەولێر دادگاییکردنی پێنج لە چالاکوان و هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک بەڕێوەبچێت بەڵام دادگاییکردنەکەیان بۆ کاتێکی تر دواخرا بەهۆکاری ئەوەی کە یەکێک لە ئەندامانی دادگای تاوانی دووی هەولێر لە موڵەت بووە و ئەندامێکی یەدەگی دادگای تاوانی دووی هەولێریش بەهۆی ئەوەی کە ئاگاداری ئەو کەیسە نییە داوای لە سەرۆکی دادگا کرد کە دادگا دوابخرێت تاوەکو وردبینی بکات و لە پەڕاوەکە ئاگاداربێت و ئەمەش حالەتێکی ئاساییە بەپێی پارێزەرێک.
بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی ئەو ڕاگیراوەی پارێزگای دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تا ئەم دەقیقەیە پرۆسەکە لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتی دادگاوە بە رێکو پێکی بەڕێوەدەچێت مرۆڤ دەبێت بە ویژدانەوە قسەبکات بەڵام فشارێکی زۆر لەناو هۆڵی دادگا هەبوو و دەرکەوت هەندێک لەو تومەتبارانە فشارێکی زۆریان لەسەرە دوو لەوانە گوتیان پارێزەرمان ناوێت بەڵام بەپێی قانوون دەبێت پارێزەرێکی بۆ دابنرێت، و دۆسیەکەش بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و دواتر مەوعیدەکەی وەردەگرین."
بەپێی زانیاریەکان ئەو پێنج کەسە لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراون بە تۆمەتی ئەوەی کە هەوڵی تێکدان و کاری سیخۆریان کردووە، سەبارەت بە ئاشکراکردنی ناوی ئەو پێنج چالاکوانەی کە بڕیار وابوو ئەمڕۆ دادگاییکردنەکەیان بەڕێوەبچێت پارێزەرێکی ئەو ڕاگیراوانە پێی وابوو لە ئێستادا ناوەکان ئاشکرا نەکرێن.
Your browser doesn’t support HTML5
لە لایەکی ترەوە لە بەیاننامەیەکی نوسینگەی ديندار زێباری رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن و دادگاکان سەربەخۆن و حکومەتیش دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات و داوا لە قەوارە بیانی و ناوخۆییەکان دەکەن ڕێز لە بڕیارەکانی دادگا بگرن.
تەوفیق کەمال برای ڕاگیراوێک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" داوای ئازادکردنی ئەو کەسانە دەکەم و داوا دەکەم دادگاییکردنێکی حەقیقی بکرێت، براکەم لە هەموو ژیانی خۆی خەباتی کردووە بۆ ئەم میلەتە و ئەمڕۆش دەکەنە سیخوڕ."
لەکاتی بردنی ئەو تومەتبارانە بۆ دادگای هەولێر ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و چالاکانی سڤیل و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەسوکاری ڕاگیراوان لە دادگای هەولێر ئامادەبوون
گولستان سەعید سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆران لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەپێش دادگای هەولێر ئامادەبوو لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" هیوادارم بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەم هاوڵاتیانە بکرێت و دادگا عەدالەت سەربخات و بتوانن بێلایەنی خۆی بپارێزن و دادگا دامالڕاوبێت لە دەسەڵاتی حزبی."