پۆڵەندا هاوڵاتییەکی ڕووسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیردەکات

باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا

وتەبێژێکی وەزیری هەماهەنگییەکانی خزمەتگوزارییە تایبەتییەکان وتی پۆڵەندا هاوڵاتییەکی ڕووسی دەستگیرکردووە و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن تۆمەتباری کردووە.

وتەبێژەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی پیاوە ڕووسییەکە ماوەی 18 ساڵە لە پۆڵەندا دەژی و چالاکانە کارەکانی بەڕێوە بردووە. لە 6 ی مانگی چواردا دەستبەسەرکراوە و بۆ ماوەی 3 مانگ دەستبەسەر دەکرێت.

وتیشی " ئەو بەڵگانەی کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری سەربازییەوە کۆکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەدەن ئەو پیاوە لەلایەن دەزگا تایبەتییەکانی ڕووسیاوە ئاڕاستە کراوە و زانیاریی سەبارەت بە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا و هێزەکانی ناتۆی کۆکردۆتەوە."

جێی ئاماژەیە لە مانگی سێدا پۆڵەندا 45 دیبلۆماتکاری ڕووسی لە وڵاتەکە دەرکرد و وتی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کار بۆ دەزگای هەواڵگری ڕووسیا بکەن، لەم مانگەشدا ڕووسیا وەکو وەڵامێک 45 دیبلۆماتکاری پۆڵەندای لە وڵاتەکە دەرکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز