یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت

ڕۆژی هەینی یەکێتی ئەوروپا بە فەڕمی کۆمەڵێک سزای دیکەی بۆ سەر ڕووسیا پەسەند کرد، ئەمەش پێنجەمین جارە یەکێتییەکە لەدوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سزا بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنێت، سزاکانیش هاوردەکردنی خەڵوز و دار و ماددە کیمیاییەکان و بەرهەمەکانی دیکەی ڕووسیا قەدەغە دەکات.

هەروەها بەپێی سزا نوێییەکان، بارهەڵگر و کەشتیە ڕووسیەکان چیتر ڕێگەیان پێنادرێت بێنە یەکێتی ئەوروپاوە، ئەمەش بازرگانییەکان زیاتر پەکدەخات، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ چوار بانکی ڕووسیدا قەدەغە دەکات، لەوانەش بانکی ڤی تی ڤی.

قەدەغەکردنی هاوردەکردنی خەڵوزی ڕووسی لە هەفتەی دووەمی مانگی هەشتەوە بەتەواوەتی جێبەجێ دەکرێت. لە ڕۆژی هەینییەوە چیتر نابێت هیچ گرێبەستێکی نوێی هاوردەکردنی خەڵوزی ڕووسی لەلایەن وڵاتانی یەکێتیەکەوە واژۆ بکرێت.

ئەو گرێبەستانەی لە ئێستاشدا هەن لە هەفتەی دووەمی مانگی هەشتدا هەڵدەوەشێنرێنەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە ڕووسیا دەتوانێت تاوەکو ئەو کاتە پارەی ئەو خەڵوزە وەربگرێت کە هەناردەی یەکێتیەکەی کردووە.

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ وتی نوێترین سزاکان دوابەدوای کارە دڕندانەکانی هێزەکانی ڕووسیا دێت لە بوچا و شوێنەکانی دیکەی ئۆکرانیا کە لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادا بوون."

بەپێی کۆمسیۆنی ئەوروپا، قەدەغەکردنی هاوردەکردنی خەڵوزی ڕووسیا بە تەنها ساڵانە بەهاکەی دەگاتە 8 ملیار یۆرۆ کە دەست ڕووسیا دەکەوێت.

لەگەڵ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی خەڵوزدا، یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێک شتومەک و بەرهەمی دیکەی ڕووسی قەدەغەکردووە، لەوانەش دار و لاستیک و چیمەنتۆ و خۆراکی دەریایی و کاڤیار و ڤۆدکا، کە ئەمانەش ساڵانە ڕووسیا 5.5 ملیار یۆرۆ قازانجی لێوە کردوون.

یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێک بەرهەمیشی قەدەغەکردووە هەناردەی ڕووسیا بکرێن، لەوانەش سوتەمەنی فڕۆکە و کۆمپیوتەری کوانتم و نیمچە گەیەنەری پێشکەوتوو و سۆفتوێر و ئامێری هەستیار و کەلوپەلی گواستنەوە. ساڵانە یەکێتیەکەی 10 ملیار یۆرۆی لەو بەرهەمانە قازانج کردووە.

هەروەها سزاکان چیتر ڕێگە بە کۆمپانیا ڕووسییەکان نادەن بەشداری مامەڵە گشتییەکانی یەکێتیەکە بکەن.

کۆمسیۆنی ئەوروپا وتیشی 217 کەسی دیکەی ڕووسی خراونەتە لیستی ڕەشی یەکێتی ئەوروپاوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت سەرمایەی ئەو کەسانە لە یەکێتی ئەوروپا سڕ دەکرێت و گەشتکردنیان بۆ یەکێتی ئەوروپا قەدەغە دەکرێت.

زۆرینەی ئەو کەسانە ڕابەرانی سیاسیی جیاخوازەکانی هەرێمی لوهانسک و دۆنێتسکی ئۆکرانیان، بەڵام سزاکان بەرپرسانی باڵای سەربازیی و سیاسی و خاوەن کارەکانی نزیک لە کرێملنیشیان کردۆتە ئامانج.

بەم سزا نوێیانەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 900 کەسی ڕووسی لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سزا دراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز