یەکێتی ئەوروپا بەنیازە باجی گومرگ بۆ ماوەی یەک ساڵ لەسەر ئۆکرانیا لاببات

کۆمسیاری بازرگانی یەکێتی ئەوروپا ڤاڵدیس دۆمبرۆڤسکیس

کۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری کرد بۆ ماوەی یەک ساڵ باجی گومرگی سەر سەرجەم ئەو شتومەکانەی ئۆکرانیا لاببرێت کە هەناردەی یەکێتییەکە دەکرێن، ئەوەش بەمەبەستی یارمەتیدانی ئابووری ئۆکرانیا لەماوەی جەنگەکەیدا لەگەڵ ڕووسیا.

ڕێوشوێنەکان بەتایبەتی بەسەر میوە و سەوزە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و هەندێک لە کەلوپەلی پیشەسازی دیاریکراودا جێبەجێ دەکرێن.

یەکێتی ئەوروپا کۆتوبەندەکانی سەر سنووردارکردنی هاوردەکردنی پۆڵای ئۆکرانیاش لادەبات. سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لیندا تاوتوێی پێشنیارەکەی کردووە و سوپاسگوزاری خۆی دەربڕیوە.

زێلێنسکی وتی " ئێستا ئەمە یارمەتیمان دەدات چالاکییە ئابووریی و بەرهەمهێنانەکان لە ئۆکرانیا بپارێزین."

وتیشی " هەناردەکردنی بەرهەمەکانمان بۆ ئەوروپییەکان و بازاڕەکانی جیهان ئامڕازێکی کاریگەر دەبێت دژی قەیرانەکان."

لە ئێستادا دەبێت پێشنیارەکە لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپا و وڵاتانی یەکێتییەکەوە پەسەند بکرێت تاوەکو بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

کۆمسیۆنی ئەوروپا کە سەرپەرشتی سیاسەتی بازرگانی یەکێتیەکە دەکات، وتی کۆمەڵێک ڕێوشوێنی بێپێشینە گیراونەتەبەر تاوەکو قورساییەکانی سەر بەرهەمهێنەرانی ئۆکرانیا و ڕەوانەکردنی بەرهەمەکانیان لەنێوەندی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لاببەین.

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن و کۆمسیاری بازرگانی یەکێتی ئەوروپا ڤاڵدیس دۆمبرۆڤسکیس وتی " لە سەرەتای دەستپێکردنی دوژمنکارییەکەی ڕووسیاوە، یەکێتیەکە ئەوەی بەلاوە گرنگ بووە کە ئابووری ئۆکرانیا بپارێزێت، کە ئەوەش گرنگە بۆ یارمەتیدانی لە شەڕەکەدا تاوەکو سەرکەوتوو بێت و بۆ دوای جەنگەکەش گرنگە تاوەکو بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە."

ساڵی ڕابردوو بڕی زیاتر لە 52 ملیار یۆرۆ بازرگانی لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئۆکرانیادا هەبووە.

بەهۆی ئەوەی کە ئێستا بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە ئۆکرانیا ناتوانێت بارەکانی لەڕێی دەریای ڕەشەوە ڕەوانەی دەرەوە بکات، یەکێتی ئەوروپا یارمەتی کیێڤی داوە تاوەکو بتوانێت لەڕێی وشکانییەوە شتومەکەکانی بگوازێتەوە، بۆ نموونە، ئاسانکاری کردووە بۆ هاتنە ناوەوەی شۆفێرانی بارهەڵگرە ئۆکرانییەکان بۆ یەکێتیەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز