یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئێراندا کۆدەبێتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدرکا موگیرینی

سیاسەتمەدارانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن ڕۆژی پێنجشەممە ئەوروپا پشتیوانییەکەی بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لەگەڵ ئێراندا نوێ دەکاتەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕەتی کردەوە.

لەمیانەی کۆبوونەوەکەی نێوان ئێران و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا کە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی داوای کردبوو، تیایدا ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە بەشداربوون لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 دا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێران پابەندە بەڕێکەوتنەکەوە.

هەروەها سیاسەتمەداران وتیشیان ئەوروپا داوا لە ئێران دەکات بەردەوام بێت لە هاریکارییەکانی لەگەڵ پشکنەرە نێودەوڵەتیەکاندا. ئێرانیش ڕەتی دەکاتەوە هەوڵ بدات چەکی ناوەکیی بەدەست بخات.

یەکێک لە سیاسەتمەدارەکان وتی " ئامانج لە کۆبوونەوەکە ناردنی پەیامێکە بۆ واشنتن لەسەر ئەوەی کە ئێران پابەندە و وا باشترە ڕێکەوتنامە ناوەکییەکە بوونی هەبێت وەک لەوەی ئێران گۆشەگیر بکرێت."

سیاسەتمەداری دووەم وتی " کاتی کۆبوونەوەکە لەخۆوە نیە، ئەمە لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردووە قسەی لەسەر دەکەین." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بڕیارەکەی ئەو کاتەی سەرۆک ترامپ کە بڕیاریدا پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنامە ناوەکییەکەوە پەسەند نەکات.

وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە پێشێلکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەبێت و وتیشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەتوانایدا هەیە پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

واچاوەڕوان دەکرێت وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ موگیرینیدا کۆببنەوە.

ئەم کۆبوونەوەیەش بەشێکە لەو هەوڵانەی کە دەدرێن بۆ هێشتنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ترامپ دەبێت لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڕیار بدات کە ئایا بەردەوام دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران یاخوود ڕێکەوتنەکە ڕەت دەکاتەوە و سزاکان دەسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند واچاوەڕوان دەکرێت بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی بڕیارێک دەربکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز