یەکێتی ئەوروپا لە ژێر فشاری حکومەتەکاندا پێشنیاری توندکردنەوەی هەڵوێستی خۆی دەکات لەسەر کۆچبەری

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین

کۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری توندکردنەوەی هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا دەکات لەسەر کۆچ، ئەوەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ فشارەکانی حکومەتەکانی یەکێتییەکە کە گەیشتنی کۆچبەران بە شێوەیەکی نایاسایی بووەتە کێشەیەکی گەورەی سیاسیی و ئاسایش بۆیان.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین لە نامەیەکدا بۆ سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا کە لە 17-18 ی مانگی 10 دا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی کۆچ، دەڵێت کۆمسیۆنەکە بە نیازە تاوتوێی 10 پرس بکات تاوەکو یارمەتی 27 وڵاتەکەی یەکێتییەکە بدات مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی کۆچدا بکەن.

ڤۆن دێر لین نوسیویەتی " لە خولی نوێدا، کۆمسیۆن بەردەوام دەبێت لە دڵنیاییدان لەسەر ئەوەی کە ئێمە هەڵوێستمان توند و دادپەروەرانەیە لەسەر کۆچ، مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکەین کە هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە کێشەیەکی ئەوروپایە."

ساڵی ڕابردوو ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە گەیشتنە ئەوروپا کەمتر بوو لە سێیەکی ئەو 1 ملیۆن کۆچبەرەی کە لە ساڵی 2015 دا گەیشتنە ئەوروپا، بەڵام کۆچ هێشتا بابەتێکی هەستیارە و کاردەکاتە سەر هەڵبژاردنەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا.

لە مانگی پێنجدا یەکێتی ئەوروپا لەسەر کۆمەڵێک یاسا ڕێککەوت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچدا و ڕێککەوتنەکە بە پاکێجی کۆچ ناسراوە، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکان هەتاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 ڕوونادات.

ڤۆن دێر لین لە نامەکەیدا پێشنیاری ئەوەی کردووە جێبەجێکردنی پاکێجەکە خێرا بکرێت، بۆ ئەوەی یارمەتی حکومەتەکان بدرێت باشتر مامەڵە لەگەڵ سیستمەکانی تۆمارکردنی کۆچبەران و وەرگرتنییان بکەن.

هەروەها پێشنیاری واژۆکردنی ڕێککەوتنی زیاتری کردووە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە کۆچبەرانییان لێوە دێن بۆ ئەوروپا، یاخود ئەو وڵاتانەی کە کۆچبەران وەکو ڕێگەیەک بەکارییان دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، هاوشێوەی ڕێککەوتنەکانی یەکێتییەکە لەگەڵ تورکیا و تونس و لیبیادا، کە پارە لە یەکێتی ئەوروپا وەردەگرن و لە بەرامبەردا ڕێگری دەکەن لە تێپەڕبوونی کۆچبەران بە وڵاتەکانییاندا بە شێوەیەکی نایاسایی یاخود بە قاچاخ.

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە میسڕ و مەغریب و مۆریتانیا و جەزائیر و سەنیگال و مالی ئەو وڵاتانەن کە یەکێتی ئەوروپا دەبێت کارییان لەگەڵدا بکات.

لە پێچەوانەکردنەوەی ئەو سیاسەتانەدا کە پێشتر پەیڕەوییان کردوون، ڤۆن دێر لین پێشنیاری ئەوەی کرد کە کۆچبەران مافی ئەوەیان نەبێت لە یەکێتی ئەوروپا بمێننەوە و دەبێت ڕەوانەی " ناوەندێکی ڕەوانەکردنەوە " بکرێن لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لەو وڵاتانەدا کە یەکێتییەکە ڕێککەوتنییان لەگەڵدا دەکات.

هەروەها ئاماژەی بە ڕێککەوتنەکەی نێوان ئیتاڵیا و ئەلبانیا کرد وەکو نموونەیەک، ئیتاڵیا بەپێی ئەو ڕێککەوتنە دەتوانێت ساڵانە 36,000 کۆچبەر بنێرێت بۆ دوو ناوەند لە ئەلبانیا کە لەوێ کۆچبەران چاوەڕێ دەکەن ڕەوانە بکرێنەوە.

سەرچاوە/ یەکێتی ئەوروپا