یەکێتی ئەوروپا یەحیا سینواری ڕابەری حەماس دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

یەحیا سینوار

ڕۆژی سێشەممە یەکێتی ئەوروپا ڕابەری حەماس لە غەززە یەحیا سینواری خستە لیستی تیرۆریستانەوە، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل.

ئەم هەنگاوەی یەکێتی ئەوروپاش ئەوە دەگەیەنێت کە داڕێژەر و پلانگێڕی هێرشەکان، سینوار، دەکرێت سەرمایەکانی لە سەرجەم 27 وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا سڕ بکرێت و مامەڵەکردنی هاووڵاتییانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵیدا قەدەغە بکرێت.

پێشتریش یەکێتی ئەوروپا گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکانی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا داناوە.

لە 7 ی مانگی 10 دا، چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەسییان کوشتووە، لە هەمان کاتیشدا نزیکەی 250 کەسییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیل دەڵێت زۆربەی بارمتەکان هێشتا لە غەززە ماونەتەوە، بەو 25 کەسەشەوە کە باوەڕوایە کوژرابێتن.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل، ئیسڕائیل کاتز، پێشوازی لە بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا کرد.

وتی " بڕیارەکە ئەنجامی هەوڵە دیبلۆماتییەکانمانە بۆ لە ناوبردنی سەرچاوەکانی حەماس، بۆ ئەوەی ڕەوایەتییان نەهێڵین و ڕێگری لە سەرجەم پشتیوانییەکان بکەین بۆیان. بەردەوام دەبین لە بنەبڕکردنی ڕەگ و ڕیشەی دڕندە، لە غەززە و هەر شوێنێک کە تێیدا سەر دەربهێنێت."

سینواری تەمەن 61 ساڵ، لە 7 ی مانگی 10 ەوە نەبیندراوە.

دوای هێرشەکان، ئیسڕائیل ڕایگەیاند سینوار " پیاوێکی مردووە و دەڕوات."

لە ساڵی 2015 دا سینوار خرایە لیستێکی ئەمەریکاوە بۆ داواکراوترین " تیرۆریستی نێودەوڵەتی "، هەریەک لە محەمەد زەیفی فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس و لیواکانی عیزەدین ئەل قەسامیش خرانە ئەو لیستەوە، کە دەوترێت بەشداربوون لە داڕشتنی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 دا.

یەکێتی ئەوروپا کۆششی کردووە بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتوو بەرامبەر هێرشەکانی حەماس و هێرشە ڕووخێنەرەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەززە لانیکەم 24,285 فەلەستینی کە نزیکەی لە سەدا 70 ی ژن و منداڵ و بەساڵاچوون، لە غەززە کوژراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا