وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆتایی ئەم مانگەدا تاوتوێی لابردنی سزاکانی سەر سوریا دەکەن

ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دیبلۆماتکارانی باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوا و وەزیری دەرەوەی سوریادا وتی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆتایی مانگی یەکدا کۆدەبنەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی لابردنی سزاکانی سەر سوریا.

کایا کاڵاسی بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا وتی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتییەکە لە 27 ی مانگی یەکدا لە بڕۆکسل کۆدەبنەوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکە بڕیاردانە لەسەر چۆنێتی لابردنی سزاکانی 27 وڵاتەکە بۆ سەر سوریا.

دوای 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا مانگێک لەمەوبەر لە هێرشێکی خێرای هێزە یاخیبووەکاندا بە سەرکردایەتی گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام دوورخرایەوە و ڕژێمەکەی ڕووخێندرا. گروپەکە لەو کاتەوە حکومەتێکی کاتی کاربەڕێکەری پێکهێناوە.

کاڵاس وتی هەر بڕیارێکی ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی سزاکان مەرجی دەبێت لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە لەلایەن بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریاوە، کە دەبێت " گروپی جیاواز " و ژنی تێدا بێت و " توندڕەویی تێدا نەبێت."

وتی " ئەگەر بینیمان پێشهاتەکان بە ئاڕاستەیەکی ڕاستدا دەڕۆن، ئەوا ئێمە ئامادەین هەنگاوەکانی دواتر بگرینەبەر... ئەگەر ببینین بە ئاڕاستە ڕاستەکەدا ناڕوات، ئەوا دەشتوانین پاشەکشە بکەین لەمەدا."

کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە کە یەکەمین کۆبوونەوەی گەورەی نێوان سەرکردەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەکەیە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە و سعودیە میوانداری دەکات، لە کاتێکدایە کە دیمەشق داوا لە ڕۆژئاوا دەکات سزاکانی سەر سوریا لاببەن تاوەکو ئازادانەتر خەرجییە نێودەوڵەتییەکان بگەنە وڵاتەکە.

ئەمەریکا و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەوانی دیکەش سزای توندییان سەپاندووە بەسەر سوریادا، ئەوەش دوای سەرکوتکارییەکەی ئەسەد دژی خۆپیشاندانەکانی لایەنگری دیموکراسی لە ساڵی 2011 دا کە دواتر لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو و بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ. بەڵام ڕاستییە نوێیەکە لە سوریادا ئاڵۆز بووە بەهۆی سزاکانی سەر گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام و هەندێک لە سەرکردەکانییەوە، بەهۆی ئەوەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سەر بە ئەلقاعیدە بووە.

ئەڵمانیا کە سەرکردایەتی گفتوگۆکانی یەکێتی ئەوروپا دەکات لەسەر سزاکان، ڕۆژی یەکشەممە پێشنیاری لابردنی سزاکانی کرد لەسەر دانیشتوانی سوریا، بەڵام هێشتنەوەی سزاکانی سەر هاوپەیمانەکانی ئەسەد کە " تاوانی مەترسیدارییان " لە ماوەی شەڕی ناوخۆدا ئەنجام داوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک لە ڕیاز بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سوریاییەکان ئێستا پێویستییان بە سوودێکی خێرا هەیە لە گواستنەوەی دەسەڵات و ئێمە بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی ئەوانەی لە سوریا هیچییان نیە، وەکو چۆن لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆدا کردوومانە."

وتیشی ئەڵمانیا 50 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ خۆراک و پەناگە و تەندروستی دابین دەکات.

ئەمەریکاش ڕۆژی دووشەممە سزاکانی سەر حەواڵەکردنی لەگەڵ دامەزراوە فەرمانڕەواییەکانی سوریادا بۆ ماوەی شەش مانگ ڕاگرت، لە هەوڵێکدا بۆ ئاسانکردنی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سوریا و ڕێگەدان بە هەندێک لە حەواڵەکانی وزە.

هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی بەڕیتانیا، سعودیە، میسڕ، ئیماڕات، بەحرەین، عێراق، ئوردن، لوبنان، تورکیا و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ئامادەی گفتوگۆکان دەبن.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی گفتوگۆکان سەنگ دەخەنە سەر پشتیوانییەکان بۆ بەرپرسانی کاتی سوریا، لەوانەش " میکانیزمەکان بۆ لێپێچینەوە لە ڕژێمەکەی ئەسەد لەسەر تاوانەکانی جەنگ کە دژی گەلی سوریا ئەنجامییان داون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز