وڵاتانی ئەوروپا و موسڵمانان لە ئیسپانیا کۆدەبنەوە و چاوییان لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتیە بۆ ئیسڕائیل و فەلەستینیەکان

ئیسپانیا کە ڕۆژی هەینی میوانداری کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی موسوڵمانانی کرد لەسەر دۆزینەوەی ڕێگەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی غەززە، داوای خشتەیەکی ڕوونی کرد بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان جێبەجێ بکات.

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا خۆسێ مانوێل ئالبارێس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کۆدەبینەوە بۆ هەوڵێکی دیکە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو غەززە، بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ هاتنە دەرەوە لە توندوتیژییە ناکۆتاکەی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسڕائیلییەکان.. ئەو ڕێگەیە ڕوونە. جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت تەنها ڕێگەیە."

هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی نەوریج و سلۆڤینیا و بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ و سەرۆک وەزیری فەلەستینییەکان محەمەد مستەفا و ئەندامانی گروپی پەیوەندی وڵاتانی ئیسلامی بۆ غەززە، کە میسڕ و سعودیە و قەتەڕ و ئوردن و ئیندۆنیسیا و نایجیریا و تورکیا دەگرێتەوە، ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

ئالبارێس وتی " ئارەزوویەکی ڕوون " هەیە لە نێوان ئامادەبوواندا، کە ئیسڕائیلی تێدا نەبوو، " بۆ گۆڕینی قسەکردن بۆ کردار و ڕۆیشتن بەرەو خشتەیەکی جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت "، ئەوەش دەبێت بە پەیوەندیکردنی فەلەستین بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستپێبکات.

ئالبارێس وتی ئیسڕائیل بانگهێشت نەکراوە چونکە بەشێک نەبووە لە گروپی پەیوەندییەکان، بەڵام وتی " زۆر دڵخۆش دەبین ئیسڕائیل ببینین لەسەر هەر مێزێک کە ئاشتی و چارەسەری دوو دەوڵەتی لەسەر تاوتوێ بکرێت."

لە 28 ی مانگی پێنجدا ئیسپانیا و نەرویج بە فەڕمی دانییاننا بە دەوڵەتێکی یەکگرتوویی فەلەستینیدا کە لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینییەکانەوە بەڕێوەببرێت و هەریەک لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لە خۆبگرێت و ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵاتیش پایتەختەکەی بێت. لەگەڵ ئەواندا، ئێستا 146 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆی 193 وڵاتەکە دان بە دەوڵەتی فەلەستینیدا دەنێن.

سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز چەندین جار ئاماژەی بەوە داوە پێکەوەژیانی دوو دەوڵەتی خاوەن سەروەر لە ناوچەکە تەنها ڕێگەیە بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ئەو جۆرە چارەسەری دوو دەوڵەتە سەرەتا لە ساڵی 1991 دا لە کۆنفرانسی مەدریددا و پەیماننامەکانی ئۆسلۆ لە ساڵانی 1993-95 دا بڕیاری لەسەر درا، بەڵام پڕۆسەی ئاشتی ماوەی چەندین ساڵە بە مردوویی ماوەتەوە.

بەڵام ئێستا جەنگەکەی ناو غەززە کە یانزە مانگە بەردەوامە و زیادبوونی توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا پێویستییەکی بەپەلەیان دروست کردووە بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە. جەنگەکەی غەززە لە 7 ی مانگی 10 دا بە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد.

کەناری ڕۆژئاوا بە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمیشەوە، لە جەنگی ساڵی 1967 ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن ئیسڕائیلەوە گیران و لەو کاتەشەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسڕائیلدان، بەڵام ئێستا نیشتەجێیە جووەکان فراوانبوون و ئەوەش پرسەکەی ئاڵۆزتر کردووە. ئیسڕائیل لە ساڵی 1980 دا ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمی لکاند بە وڵاتەکەوە، بەڵام بە گشتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو کارەی دانی پێدا نەنراوە.

ئیسڕائیل دەشڵێت کە گرەنتیدان لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی گرنگترین شتە.

وەزیری دەرەوەی نەرویج ئێسپین بارث ئیدی بە ڕۆیتەرزی تو کۆبوونەوەکە پێویستیشی بەوەبوو تاوتوێی لە ناوبردن و هەڵوەشاندنەوەی حەماس بکات، هەروەها ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان ئیسڕائیل و هەندێک لە وڵاتانی دیکەدا، بە تایبەتی سعودیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز