هەزاران کەس لە بەرلین و لەندەن خۆپیشاندانییان ئەنجامدا بۆ دژایەتیکردنی هەستی دژە جوو و دەرخستنی پشتیوانی بۆ ئیسڕائیل، هاوکات خۆپیشاندانەکانیش بۆ دەرخستنی پشتیوانی بۆ فەڵەستینییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەردەوام بوون.
هەندێک لەوانەی کە لە بەردەم دەروازەی براندنبێرگی بەرلیندا گردببوونەوە ئاڵای ئیسڕائیلییان بەرز کردبووەوە، یاخود وێنەی هەندێک لەو 200 کەسەیان پیشاندەدا کە لەلایەن حەماسەوە وەکو بارمتە گیران لە ماوەی هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسڕائیل.
سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمایەر بە خەڵکەکەی وت " زۆر بێزارکەرە کە ئەمڕۆ جارێکی دیکە جووەکان لە ترسدا دەژین – جیا لە هەموو وڵاتێکی دیکە، لە وڵاتی ئێمەدا دەترسن. هەر هێرشێک بۆ سەر جووەکان، بۆ سەر دامەزراوەکانی جووەکان، شەرمەزارییە بۆ ئەڵمانیا. هەر هێرشێک پڕم دەکەن لە شەرمەزاری و توڕەیی."
لە ماوەی ڕابردوودا ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز پەرستگایەکی نوێی جووەکانی لە شاری داساوی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا کردەوە و گوتی " زۆر بێزار بووە " بە زیادبوونی هەستی دژە جوو لە دوای دەستپێکردنی ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە.
هەفتەی ڕابردوو هێرشبەرەکان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆکتێلی مۆلۆتۆڤییان هەڵداوە بەرەو پەرستگایەکی جووەکان و هەندێک لەو بینایانەی بەرلین کە جووەکانی تێدا دەژین دەرگاکانییان بە ئەستێرەی دەیڤد نیشانە کراون، ئەوەش وەکو نیشانەیەک لەسەر ئەوەی بیناکان جوویان تێدا دەژی.
شۆڵز وتی " لێرە لە ئەڵمانیا، جیا لە هەموو شوێنێکی دیکە." بەڵێنیدا کە ئەو قسەیەیان کردوویانە و دەڵێن " هەرگیز جارێکی دیکە ڕووناداتەوە " نەشکێنن.
لە لەندەنیش، دەستەی بەرپرسانی جووەکانی بەڕیتانیا داوایان لە خەڵکەکە کرد گردبوونەوە ئەنجام بدەن لە گۆڕەپانی ترافالگار، ئەوەش بە مەبەستی فشارکردن بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە 200 کەس کە لەلایەن حەماسەوە وەکو بارمتە گیراون.
جەنگەکە گرژیی لە سەرانسەری جیهاندا دروست کردووە. موسوڵمانان و جووەکانی جیهانی بە شێوەیەک لێکردووە لە ژێر ترسدا بژین. پۆلیسی لەندەن دەڵێت زیادبوونی هێرشەکانی دژ بە جووەکان لە مانگی 10 دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا 13 هێندە زیادیکردووە. ڕاپۆرتەکانیش لەسەر تاوانەکانی دژ بە موسوڵمانان زیاتر لە دوو هێندە بوون.
گردبوونەوەکانی ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت دەیان هەزاران لایەنگری فەڵەستینییەکان کە پۆلیس دەڵێت 100,000 کەس دەبوون، بە سەرانسەری لەندەندا ڕێپێوانییان ئەنجامدا و داوای ڕاگرتنی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلییان کرد بۆ سەر غەزە. ئاڵای فەڵەستینییەکانییان بەرز دەکردەوە و هاوارییان دەکرد " بۆردومانکردنی غەزە ڕابگرن." بەشداربووان داوای کۆتایی هێنانییان کرد بە گەمارۆکەی ئیسڕائیل بۆ سەر غەزە و هێرشە ئاسمانییەکانی، کە وەکو وەڵامێکن بۆ هێرشە کوشندەکەی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل.
ڕۆژی یەکشەممە سەدان کەس لە ساراجیڤۆ گردبوونەوە، کە لە ماوەی جەنگی بۆسنەدا لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا گەمارۆ درابوو و لە هەمان کاتیشدا بۆردومان دەکرا، ئەوەش لە پێناو دەربڕینی هاوسۆزیدا بۆ گەلی فەڵەستینی لە غەزە.
نەبیل ناسڕ، کە پزیشکێکی فەڵەستینییە و لە ماوەی جەنگی بۆسنەدا لە ساراجیڤۆ کاری کردووە، وتی " ئەوەی لە غەزە ڕوودەدات کارەساتی مرۆییە. سزای بە کۆمەڵە. تاوانی جەنگە. ئەمانە دەبێت وەکو خۆیان بوترێن."
هەروەها لە گۆڕەپانی کوالا لامپوری مالیزیاش زیاتر لە 3000 کەس بەشدارییان لە گردبوونەوەی " ئازادی بۆ فەڵەستین " کرد. مالیزیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بە توندی پشتگیری لە پرسی فەڵەستینییەکان دەکات و هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا نیە. موسوڵمانانی ئەو وڵاتە هەفتانە دوای نوێژی هەینی خۆپیشاندانییان ئەنجامداوە لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکادا، ڕەخنەیان لە پشتیوانی ئەمەریکا گرتووە بۆ ئیسڕائیل.
ڕۆژی شەممە خۆپیشاندانەکان بۆ لایەنگریکردنی فەڵەستینییەکان لە ئەوروپا بەردەوام بوون، لە ڕۆما و بەرشەلۆنا و چەند شارێکی فەڕەنسا و دوسڵدۆرفی ئەڵمانیا و پریستینای پایتەختی کۆسۆڤۆ، هەروەها لە سیدنی و شارەکانی ئەمەریکا بە لۆس ئانجلس و هیوستنیشەوە خۆپیشاندانییان تێدا ئەنجام درا.