وتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەڵێت بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی سەربازیی کابوڵ ژمارەیەک کەس کوژران و بریندار بوون.
وتەبێژی وەزارەتەکە عەبدول نەفی تاکۆری بە ڕۆیتەرزی وت " ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی سەربازیی کابوڵ ڕوویدا، بەهۆیەوە ژمارەیەک لە دانیشتوانمان شەهید بوون و بریندار بوون." وتیشی لێکۆڵینەوە دەکرێت لە تەقینەوەکە.
ئاماژەی بەوە نەدا ئامانجی تەقینەوەکە چی بووە.
دانیشتوانی ناوچەکە وتیان گوێیان لە دەنگێکی بەرزی تەقینەوەیەک بووە پێش کاتژمێر 8 ی بەیانی لە بەشی دەرەوەی فڕۆکەخانە سەربازییەکە.
وتیشیان ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە گیراوە و سەرجەم ڕێگاکان داخراون.
بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی یاخیبوونێکی چەکداری خوێناوی بۆتەوە لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە کە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ژمارەیەک دامەزراوەی لە کابوڵ کردە ئامانج، لەوانەش باڵیۆزخانەکانی ڕووسیا و پاکستان و ئۆفیسی سەرۆک وەزیری پێشووی وڵاتەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز