باڵیۆزی فینلەندا لە ئەڵمانیا: فینلەندا ئامادەیە بۆ هەر جۆرە هێرشێکی ڕووسیا

ڕۆژنامەی دی ڤێرتی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە باڵیۆزی فینلەندا لە ئەڵمانیا ئان سیپیلاینین دەڵێت نیگەران نیە لە هەڕەشەکانی ڕووسیا بەهۆی هەوڵەکانی وڵاتەکەیەوە بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، چونکە پێی وایە فینلەندا بۆ هەر جۆرە هێرشێکی ڕووسیا ئامادەیە.

ڕووسیا وتوویەتی هەوڵەکانی سوید و فینلەندا بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ جوڵەیەکی نەیارانەیە و ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی ڕووسیا دەبێتەوە.

سیپیلاینین بە دی ڤێرتی وت " سەرمان نەسوڕماوە لەوە. چەند ساڵێکە ئەوە دەبیستین کە ڕووسیا ڕێوشوێنی پێچەوانە دەگرێتەبەر ئەگەر فینلەندا داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات." وتیشی پێی وایە تاوەکو ئێستا کاردانەوەی ڕووسیا بۆ ئەو بابەتە " نەرم بووە."

وتیشی " بەڵام ئەوان چەند ساڵ و دەیەیەکە ئەوە دەزانن، ئێمە بە باشی خۆمان ئامادە کردووە بۆ هەر جۆرە هێرشێک، نەک تەنها هێرشی سەربازیی، بەڵکو هێرشی ئەلیکترۆنی و زانیاریش."

وتیشی فینلەندا و سوید سوپایەکی یەدەگی زۆر بەهێزییان هەیە و نەک تەنها سوود لە پاراستنی ناتۆ وەردەگرن بەڵکو پاراستنی زیاتر پێشکەشی ناتۆ دەکەن لە باکووری ئەوروپادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز