بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە خانەیەکی بەساڵاچوواندا لە ڕووسیا 22 کەس گیانیان لە دەستدا

دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێن بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە خانەیەکی بەساڵاچوواندا لە هەرێمی سایبیریای ڕووسیا 22 کەس گیانیان لە دەستداوە، لێکۆڵەرەوانیش پێیان وایە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە خراپ بەکارهێنانی کارەبا بووە.

وەزارەتی ڕووسیا بۆ بارودۆخە نائاساییەکان گوتی کۆمەڵێک بەرپرسی باڵا بەرەو کیمیرۆڤۆ ڕۆیشتوون، ئەو ناوچەیەی کە ئاگرەکەی تیادا کەوتۆتەوە و دەکەوێتە 3600 کم لە ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆوە، ئاماژەشی بەوەدا چەندین هۆکار هەن کە دەکرێت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بووبن.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی لە زاری وەزارەتەکەوە بڵاویکردەوە " یەکێک لە هۆکارەکان پێشێلکردنی یاساکانی کارکردنی کەلوپەلە کارەباییەکان بووە."

دەزگاکە لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە ڕەنگە پێشێلکردنی یاساکانی پارێزراوی لە ئاگرکەوتنەوە هۆکاری ڕووداوەکە بووبێت. جێی ئاماژەیە خانە بەساڵاچووەکە بە فەڕمی لەلایەن بەرپرسانی ڕووسیاوە تۆمار نەکراوە.

بەرپرسان دەڵێن زۆرێک لە خانەکانی بەساڵاچووان لە ڕووسیا بەبێ مۆڵەت کراونەتەوە، ئەوەش واتا موڵکی تایبەت بوون و نەتوانراوە پشکنینیان بۆ بکرێت.

کیمیرۆڤۆ کوشندەترین ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی لە ڕووسیادا بە خۆیەوە بینیوە، لە ساڵی 2018 دا ئاگرێک لە دوکانی وینتەر چێری کیمیرۆڤۆدا کەوتەوە و لانیکەم 64 کەس گیانیان لە دەستدا.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز