بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناوەندێکی کۆچبەران لە مەکسیک لانیکەم 39 کەس گیانیان لەدەستدەدەن

بەرپرسانی مەکسیک دەڵێن بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە ناوەندێکی کۆچبەران لە شاری سیوداد خوارێزی سنووری باکووری مەکسیک لانیکەم 39 کۆچبەری ئەمەریکای ناوەڕاست و باشوور گیانیان لە دەستداوە، وادەردەکەوێت ئاگرەکە بەهۆی خۆپیشاندانێکەوە بووبێت کە دژی ڕەوانەکردنەوەی کۆچبەران بەڕێوەچووبوو.

ناوەندی نیشتیمانی کۆچبەرانی گواتیمالا وتی 28 کەس لەوانەی گیانیان لە دەستداوە خەڵکی گواتیمالا بوون.

سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر وتی کاربەدەستان باوەڕییان وایە ئاگرەکە دوای ئەوە کەوتۆتەوە کە کۆچبەران دۆشەکەکانیان لە خۆپیشاندانەکەدا سوتاندووە، دوای ئەوەی زانیویانە ڕەوانە دەکرێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

لۆپێز ئۆبرادۆر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " پێیان وانەبووە ئەوە ئەم کارەساتە خراپەی لێدەکەوێتەوە." ئاماژەی بەوەدا زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ناوەندەکەدا بوون خەڵکی ئەمەریکای ناوەڕاست و ڤەنزوێلا بوون.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی گواتیمالا وتی بەرپرسانی مەکسیک پێیان ڕاگەیاندووین هەندێک لە کۆچبەرە ڤەنزوێلاییەکانی ناوەندەکە دۆشەکەکانیان سوتاندووە.

ئەو شارەی ناوەندەکەی تێدایە دەکەوێتە ئەوبەری شاری ئێل پاسۆی تێکساسەوە، ناوەندی نیشتیمانی کۆچی مەکسیک وتی 68 کۆچبەری پیاوی خەڵکی ئەمەریکای ناوەڕاست و باشوور لە ناوەندەکەدا بوون.

وتیشی 29 کۆچبەرییان بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ چوار نەخۆشخانەی ناوچەکە.

بەرپرسێکی مەکسیک بە ڕۆیتەرزی وت ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە خەڵکی گواتیمالا و هوندۆراس بوون.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی هوندۆراس وتی 13 هاوڵاتی هوندۆراسی لە ناوەندەکەدا بوون، بەڵام نازانێت کە ئایا کەسییان گیان لە دەستداوە یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز