سەربازێکی پێشووی بەریتانیا لە ئۆکرانیا کوژرا

بەپێی خێزانەکەی و بەرپرسێکی ئۆکرانیا، سەربازێکی پێشووی بەڕیتانیا لەمیانەی شەڕکردنیدا بۆ شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژراوە.

خێزانەکەی جۆردن گاتلی دەڵێن لە مانگی سێدا گاتلی وازی لە سوپای بەڕیتانیا هێناوە و ڕۆیشتووە بۆ ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە شەڕەکەدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

خێزانەکەی وتی ڕۆژی هەینی هەواڵی کوژرانی گاتلییان بەدەست گەیشتووە و پێیان وتراوە فیشەکی بەرکەوتووە و کوژراوە.

هێزەکانی ڕووسیا سەنگیان خستۆتەسەر کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە هەریەک لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لەخۆدەگرێت، ماوەی چەند هەفتەیەکە شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسکی هەرێمی لوهانسک بووەتە یەکێک لە خوێناویترین گۆڕەپانەکانی جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا.

خێزانەکەی گاتلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی " کارەکەی خۆی خۆشدەویست و ئێمەش شانازی پێوە دەکەین. ئەو پاڵەوانێکی ڕاستەقینە بوو و هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە."

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک ستایشی گاتلی کرد و وتی ئازایەتییەکی زۆری دەوێت لە نیشتیمانی خۆت بێیتە دەرەوە و بەرگری لە باوەڕەکان بکەیت.

پۆدۆلیاک گوتی " تەنها لەبەر ئەوەی دڵت ئەوەی دەوێت. چونکە ناتوانیت ڕووبەڕووی خراپە نەوەستیتەوە. جۆردن گاتلی پاڵەوانێکی ڕاستەقینە بوو. بۆ هەمیشە یارمەتییەکانی بۆ پاراستنی ئۆکرانیا و ئازادکردنی جیهان لەبیر ناکەین."

ئۆفیسی دەرەوەی بەڕیتانیا گوتی " ئێمە پشتیوانی لە خێزانی ئەو پیاوە بەڕیتانییە دەکەین کە لە ئۆکرانیا گیانی لەدەستداوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز