لە هێرشێکی دەگمەندا لە عومان لە نزیک مزگەوتێکی شیعەکانەوە 9 کەس دەکوژرێن

وادی ئەلکەبیر، عومان

لە هێرشێکی دەگمەندا لە عومان 9 کەس کوژراون کە سیانیان هێرش بەربوون.

پاکستان دەڵێت لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە عومان چوار هاووڵاتی پاکستانی کوژراون و 30 کەسی دیکە بریندار بوون، ڕووداوەکە لە نزیک مزگەوتێکی شیعەکان ڕوویداوە لە شاری مەسقەتی پایتەخت. ئەمەش لە ڕووداوێکی دەگمەندا لە سەڵتەنە سەقامگیرەکەی کەنداودا.

شیعەکان کەمینەیەکی کەمن لە عومانی زۆرینە موسوڵماندا. زۆربەی عومانییەکان سوننەن یاخود عیبادین.

هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە لە مزگەوتەکە، کە هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی لەسەری ڕانەگەیاندووە، لە کاتێکدایە کە شیعەکان لەم هەفتەیەدا یادی عاشوورا دەکەنەوە.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی " پۆلیسی شاهانەی عومان وەڵامی ڕووداوی تەقەکردنەکەی داوەتەوە کە لە مزگەوتەکە ڕوویداوە لە ناوچەی وادی ئەلکەبیر " ی پایتەخت.

پۆلیس سەرەتا وتی چوار کەس کوژراون و " چەندین کەسی دیکە " بریندار بوون.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان وتی چوار پاکستانی کوژراون و بەرپرسانی عومانیش چەکدارەکانییان " کوشتووە."

وتیشی " 30 پاکستانی دیکەی لە نەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرن. حکومەتی عومان هێرشبەرەکانی لە ناوبردووە."

باڵیۆزخانەی پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی باڵیۆزی پاکستان لە عومان عیمران عەلی سەردانی هەندێک لە بریندارەکانی کردووە لە نەخۆشخانە.

لە ڤیدیۆیەکدا عەلی داوا لە هاووڵاتییانی پاکستانی دەکات هاریکاری بەرپرسانی عومان بن و خۆیان بە دووربگرن لە ناوچەکانی دەوروبەری مزگەوتەکە.

وتی " سەردانی سێ بۆ چوار نەخۆشخانەم کردووە. سوپاس بۆ خودا هەموو ئەوانەی بریندار بوون پارێزراون."

وتیشی " لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەرپرسانی عومان و نەخۆشخانەکانیشدا. ئەفسەرەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ بەخشینی خوێن لە باڵیۆزخانەکە."

دوابەدوای تەقەکردنەکە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مەسقەت ئاگادارییەکی ئاسایشی بڵاوکردەوە و ڕۆژی سێشەممە سەرجەم کارەکانی ڤیزای ڕاگرت.

باڵیۆزخانەکە وتی " هاووڵاتییانی ئەمەریکایی دەبێت بە وریاییەوە بمێننەوە، چاودێری هەواڵە ناوخۆییەکان بکەن و ملکەچی فەرمانەکانی بەرپرسانی ناوخۆ بن."

بەپێی گرتەڤیدیۆیەک کە لەلایەن فرانس پرێسەوە پشتڕاست کراوەتەوە، خەڵکەکە لە مزگەوتی ئیمام عەلی هەڵدێن و دەنگی تەقەش دەبیسترێت.

پۆلیس وتی " سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکانی ئاسایش گیراونەتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا."

وتی " بەرپرسان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان و لێکۆڵینەوەکردن بۆ ئاشکراکردنی هەلومەرجی ڕووداوی تەقەکردنەکە."

ڕۆژی سێشەممە ناوچەکە دەورەدرابوو، ڕۆژنامەنووسانیش نەیانتوانیوە بچنە مزگەوتەکەوە.

بەپێی داتاکانی حکومەت، عومان 4 ملیۆن دانیشتووی هەیە، زیاتر لە لە سەدا 40 ی دانیستوانەکەی کرێکارانی دەرەوەن، زۆربەیان خەڵکی باشووری ئاسیان.

سەڵتەنەی عومان چەندین جار ڕۆڵی نێوەندگری بینیوە لە ململانێکانی ناوچەکەدا، بە تایبەتی لە جەنگەکەی ناو یەمەندا لە نێوان حوسییەکان و حکومەتەکەی یەمەن کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیپێدانراوە.

لە کاتێکدا کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەندین هێرش کراوەتە سەر مزگەوتەکانی شیعەکان لە کەنداودا، ئەمە یەکەمین هێرشی لەوجۆرە بوو لە عوماندا.

لە ساڵی 2015 دا لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر مزگەوتێکی شیعەکان لە کوەیت لانیکەم 27 نوێژخوێن کوژران و زیاتر لە 200 کەسی دیکە بریندار بوون. چەکدارانی ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ.

هەر لەو ساڵەدا لە سعودیە هێرش کرایە سەر دوو مزگەوتی شیعەکان لە ماوەی یەک هەفتەدا، دوو هێرشەکە بوونە هۆی کوژرانی لانیکەم 25 کەس و داعش بەرپرسیارێتی هەردوو هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

لە ساڵی 2005 دا، مامۆستایەک لە ناو بینایەکی حکومەتدا لە مەسقەت دەستیکرد بە تەقەکردن، دوو کەسی کوشت و چەندین کەسی دیکەی بریندار کرد، دواتر تەقەی لە خۆشی کرد.

سەرچاوە/ فرانس پرێس