وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند فەڕەنسا پشتیوانی لە هەوڵەکانی کۆمەڵەی وڵاتانی ئابووری ڕۆژئاوای ئافریکا دەکات بۆ شکستهێنان بە کودەتا سەربازییەکەی نەیجەر.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا ڕۆژی شەممە لەگەڵ سەرۆک وەزیری نەیجەر ئۆهومۆدو مەهادو و باڵیۆزی نەیجەر لە پاریس کۆبووەوە.
پێشتر کۆلۆنا ڕایگەیاندبوو ئەنجومەنی سەربازیی لە نیامی پایتەختی نەیجەر تاوەکو ڕۆژی یەکشەممەی لەبەردەستدا ماوە بۆ ڕادەستکردنەوەی دەسەڵات، ئەگەرنا هەڕەشەی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا بۆ دەستوەردانی سەربازیی دەبێت " زۆر بە جددی " وەربگرێت.
کۆلۆنا لە ڕادیۆی گشتی فەڕەنسادا ئاماژەی بەوەش داوە "هەڕەشەکە جێی متمانەیە".
فەڕەنسا ئاماژەی بەوە نەداوە کە ئایا پشتیوانییەکەی پشتیوانی سەربازیی دەبێت بۆ دەستوەردانەکەی کۆمەڵەی وڵاتانی ئابووری ڕۆژئاوای ئافریکا لە نەیجەر یاخود نا.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز