فەڕەنسا سەرکۆنەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە فەڕەنسا دەکات لە نایجەر

فەڕەنسا سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی کرد دژ بە باڵیۆزخانەکەی لە نایجەر و بەڵێنیدا بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک بداتەوە دژی هاووڵاتییانی یاخود بەرژەوەندییەکانی، ئەمەش دوای ئەوەی خۆپیشاندانێکی دژ بە فەڕەنسا لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە نیامی پایتەختی نایجەر بەڕێوەچوو، دوای کودەتا سەربازییەکەی هەفتەی ڕابردوو لەو وڵاتەدا.

ئۆفیسی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرۆک هیچ هێرشێک دژی فەڕەنسا و بەرژەوەندییەکانی قبوڵ ناکات." ئەوەشی خستەڕوو وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە دژی دیبلۆماتکارانی فەڕەنسا و هێزە چەکدارەکان و کارەکانی.

لە بەیاننامەیەکی جیادا وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەڕەنسا سەرکۆنەی سەرجەم توندوتیژییەکانی کرد دژ بە باڵیۆزخانەکەی فەڕەنسا و داوای لە بەرپرسانی نایجەر کرد بەپێی یاسای نێودەوڵەتی باڵیۆزخانەکەی فەڕەنسا بپارێزن.

ئۆفیسەکە وتی ماکرۆن لە ماوەی ڕابردوودا قسەی لەگەڵ سەرۆکی لە کارلابراوی نایجەر محەمەد بازوم و سەرۆکی پێشووی نایجەر مەحەمادو ئیسۆفو کردووە، وتیشی هەردووکییان سەرکۆنەی کودەتاکەیان کردووە و داوای ئارامییان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز