فەڕەنسا ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا توندتر دەکاتەوە

سەرۆک وەزیری فەڕەنسا ژان کاستێکس

لەکاتێکدا ڕووبەڕووی خێرایی بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە، فەڕەنسا ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا توندتر دەکاتەوە، بەڵام لە سەری ساڵدا قەدەغەکردنی هاتوچۆ نابێت و خوێندنگاکانیش لە مانگی یەکدا دەکرێنەوە.

سەرۆک وەزیری فەڕەنسا ژان کاستێکس وتی بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشێوەیەک کە گەیشتۆتە ئاستێکی پێوانەیی، حکومەتی وڵاتەکە ناچارە ڕێوشوێنی نوێ بگرێتەبەر.

لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو سێ هەفتەی دیکە سەرجەم بۆنە گشتیەکان لە شوێنە داخراوەکاندا سنووردار دەکرێن بۆ تەنها 2000 کەس، لە شوێنە کراوەکانیشدا تەنها 5000 کەس ڕێگەیان پێدەدرێت. سەرجەم ئامادەبووانیش لە کۆنسێرتەکاندا دەبێت دابنیشن.

هەروەها خواردن و خواردنەوە لە هۆکارەکانی گواستنەوە و سینەماکانیشدا قەدەغە دەکرێن، لە باڕەکانیشدا دەبێت خواردن و خواردنەوە بە دانیشتنەوە بێت نەک بە پێیەوە. دەبێت سەرنشینەکانی ناو هۆکارەکانی گواستنەوە دەمامکیان بەستبێت.

کاستێکس وتیشی کارکردن لە ماڵەوە بە ناچاری دەبێت و ئەگەر بکرێت سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەبێت، بەکارهێنانی دەمامکیش دووبارە لە ناو شارەکاندا بە ناچاری دەبێت.

دوابەدوای کۆبوونەوەی ئەندامانی حکومەتی فەڕەنسا، کاستێکس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " دەزانم لە فیلمێکی ناکۆتا دەچێت، بەڵام ساڵێک لەمەوبەر هەڵمەتی کوتانمان دژی ڤایرۆسەکە دەستپێکرد و ئێستا یەکێکین لە باشترین وڵاتانی پارێزراو لە جیهاندا."

ڕۆژی شەممە لە ماوەی تەنها یەک ڕۆژدا لە فەڕەنسا 100,000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لەو وڵاتەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز