فەڕەنسا داوا لە ئێران دەکات ' کردەوە ناسەقامگیرکارەکانی ' ڕابگرێت

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە هاوتا ئێرانییەکەی ڕاگەیاند " ئێران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی " دەبێت " کردەوە ناسەقامگیرکارەکانییان " ڕابگرن کە دەکرێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی ململانێیەکی بەرفراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە نێوەندی جەنگەکەی ناو غەززەدا.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیاندا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا " پەیامێکی زۆر ڕوونی گەیاندووە: مەترسی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکەدا هیچ کات هێندەی ئێستا زۆر نەبووە، ئێران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەبێت دەستبەجێ کردەوە ناسەقامگیرکارەکانییان ڕابگرن. هیچ کەس براوە نابێت لە زیادکردنی گرژییەکان."

پەیوەندییە تەلەفونییەکە دوای ئەوە هات حزبوڵای لوبنان کە ئێران پشتیوانی لێدەکات ڕایگەیاند بنکەیەکی ئیسڕائیلییان بە 62 موشەک کردووەتە ئامانج، وەکو " وەڵامێکی سەرەتایی " بۆ کوژرانی جێگری سەرکردەی حەماس لە بەیروت.

دوای ئەوەی لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل کە بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل زیاتر لە 1200 کەس کوژراون، ئیسڕائیل بەڵێنیدا حەماس لە غەززە لە ناوببات.

لەو کاتەوە ئیسڕائیل بەردەوام بۆردومانی کەرتی غەززەی کردووە و هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتەکە ئەنجام داوە، بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن بەهۆی بۆردومانەکانەوە لانیکەم 22,722 کەس کوژراون و زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێرانیش ڕۆژی شەممە وتییان تەقینەوەکانی ڕۆژی چوارشەممە لە مەراسیمێکدا لە نزیک گۆڕی جەنەڕاڵێکی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بووەتە هۆی کوژرانی 91 کەس.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی ڕاگەیاند، ئەوەش ترسی کەوتنەوەی ململانێیەکی فراوانتری لە ناوچەکەدا زیاتر کرد.

لە ماوەی ڕابردووشدا کۆلۆنا وتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسڕ سامح شوکریشدا قسەی کردووە.

کۆلۆنا وتی " میسڕ و فەڕەنسا لە هێڵی پێشەوەن بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە و گواستنەوەی ئەوانەی کە بە سەختی بریندار بوون."

وتیشی لەگەڵ هاوتا قەتەڕییەکەیدا " گفتوگۆیەکی سوودبەخشی " کردووە و سەنگییان خستووەتە سەر سێ پرس، پرسی ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و پرسی ڕاگرتنی شەڕەکە لە غەززە و دیدێکی باوەڕپێکراو بۆ دەوڵەتێکی فەلەستین.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی لە سەرەتای جەنگەکەی ناو غەززەوە کۆلۆنا قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری لوبنان نەجیب میقاتی و وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی نیشتیمانی فەلەستینییەکان ڕیاز ئەل مەلیکیدا کردووە.