ئەنجومەنی نوێنەرانی فەڕەنسا قایل بووە باری نائاسایی بۆ ماوەی 3 مانگ درێژبکرێتەوە

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی فەڕەنسا ڕۆژی پـێنجشەممە قایل بوون باری نائاسایی لە وڵاتەکەیان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە درێژبکرێتەوە، ئەمەش لەسەر داوای فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی وڵاتەکەیان.

ئەنجومەنەکە هەروەها ڕێگەی بە حکومەت داوە ئەو ماڵپەڕ و فەیسبوک و تویتەر و یوتیوبانە دابخرێن کە پـرۆپاگەندە بۆ کاری تێرۆرسـتی دەکەن.

بڕیارە ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی سیناتیش دەنگ لەسەر پـرۆژە یاساکە بدات. بەپـێی دەسـتوری فەڕەنسا سەرۆکی وڵات تەنها بۆ ماوەی 12 ڕۆژ دەتوانێت باری نائاسایی ڕابگەیەنێت، بەڵام لەوە زیاتر پـێویستە ڕەزامەندی پەرلەمان وەربگرێت.

لە پـرۆژە یاساکەدا دانراوە لە 26 ی مانگی یازدەوە هەتا کۆتایی مانگی دوو باری نائاسایی بەردەوام بێت و دەسـتبەسەراگرتنی کەسانی گومانبار لە ماڵەکانیان زیاتربکرێن.

هەروەها یاسای باری نائاسایی ڕێگە بە ئەندامانی پـۆلیس و هێزەکانی ئاسایش دەدات تەنانەت ئەگەر لە کاتی کارەیشدا نەبن چەک لەگەڵ خۆیاندا هەڵبگرن بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل. گوتەبێژێـکی پـۆلیس بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی BFM ی ڕاگەیاند پـۆلیسە خۆبەخشەکان ڕێگەیان پـێدەدرێت چەکەکانیان هەڵبگرن بۆ پاراستنی خۆیان و خەڵکی لە شوێنە گشتیـیەکاندا.