فەڕەنسا: هاووڵاتییەکی فەڕەنسایی لە ئیسڕائیل دەکوژرێت

فەڕەنسا ڕایگەیاند هاووڵاتییەکی فەڕەنسایی لە ئیسڕائیل کوژراوە و هاوکات چەندین کەسی دیکە بێسەروشوێن بوون، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارانی گروپی چەکداریی حەماس دزەیان کردە ناو ئیسڕائیلەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئان کلێر لێنجیندرێ وتی " دڵگران بووین بە گیان لە دەستدانی کارەساتی هاووڵاتییەکمان لە ئیسڕائیل، لە چوارچێوەی هێرشە تیرۆریستییەکاندا."

ئەمەش لە کاتێکدا دەزگای هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە جووەکانی ناو فەڕەنسا ترسییان لەوە هەیە تۆڵەیان لێبکرێتەوە بەهۆی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە.

جووەکانی ناو فەڕەنسا لەوە دەترسن جەنگەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل ببێتە هۆی زیادبوونی هەستی دژە جوو لە کۆمەڵگەکەیاندا و ببنە ئامانجی توندوتیژییەکان.

جێی ئاماژەیە نزیکەی 500,000 جوو لە فەڕەنسا دەژین، جووەکانی فەڕەنسا گەورەترین کۆمەڵگەیان هەیە لە سەرانسەری ئەوروپادا و سێیەم گەورەترین کۆمەڵگەی جوون لە جیهاندا، دوای ئیسڕائیل و ئەمەریکا.

گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار دەرەنجامییان دەبێت لە فەڕەنسادا. نزیکەی پێنج بۆ حەوت ملیۆن عەرەب لە فەڕەنسا دەژین، دووەمین گەورەترین نەژادن لە 65 ملیۆن دانیشتووەکەی فەڕەنسادا.

هێرڤی ڕەهبی کە هاووڵاتییەکی جووە و پزیشکە و دامەزرێنەری هاوبەشی ناوەندی کلتوری یەڤنییە لە بۆردۆی باشووری فەڕەنسا، وتی " سەرمان سوڕماوە."

وتی " هەمووان تەلەفون بۆ یەکتری دەکەن تاوەکو شتی زیاتر بزانن. هەمووان خێزان و هاوڕێیان هەیە لە ئیسڕائیل."