ئۆفیسی سەرۆکایەتی فەڕەنسا ڕایگەیاند سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە گفتوگۆیەکدا داوای لە سەرۆکی نوێی ئێران مەسعود پزیشکیان کردووە پشتیوانی لە " جەنگە دوژمنکارییەکەی " ڕووسیا نەکات دژی ئۆکرانیا.
ماکرۆن بە پزیشکیانی وتووە کە " دەبێت هەموو شتێک بکرێت بۆ خۆبەدوورگرتن لە پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان " لە نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبناندا دوای هێرشە موشەکییەکەی سەر بەرزاییەکانی گۆلان کە ئیسڕائیل حزبوڵای بە بەرپرس دانا لەو هێرشە، داواشی لە ئێران کرد " پشتیوانییەکانی بۆ کارەکتەرە ناسەقامگیرکەرەکان ڕابگرێت."
ماکرۆن داوای لە ئێران کرد داوای دان بەخۆداگرتن بکات، وتی جەنگێکی نوێ " دەرەنجامێکی ڕووخێنەری دەبێت " لەسەر ناوچەکە، کە بەهۆی جەنگەکەی ناو غەززەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە دۆخێکی خراپدایە.
ماکرۆن پیرۆزبایی لە پزیشکیان کرد لەسەر سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا و تیشکیشی خستەسەر " پێویستییەکان بۆ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە وڵاتەکەدا."
هەروەها داوای لە سەرۆکی ئێران کرد " کۆتایی بهێنێت بە پەرەسەندنی نیگەرانکەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران " و داوای چارەسەرێکی دیبلۆماتی کرد.
ماکرۆن داوای دەستبەجێ ئازادکردنی سێ هاووڵاتی فەڕەنسایی کرد کە " بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ماوەی دوو ساڵە لە زیندانەکانی ئێراندا زیندانی کراون."
وتی ئازادکردنییان لەلایەن ئێرانەوە " مەرجێکی حەتمییە و مەرجێکی پێشوەختیشە بۆ باشکردنی " پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و تاران.
سەرچاوە/ فرانس پرێس، دەنگی ئەمەریکا