ماکرۆن: فەڕەنسا یارمەتی سەربازیی زیاتر بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت هێرشە بەرپەرچدانەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆکرانیا دژی هێزەکانی ڕووسیا دەستیپێکردووە، هەروەها بەڵێنیدا یارمەتی سەربازیی زیاتر بۆ حکومەتەکەی کیێڤ دابین بکات.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕابەرانی پۆڵەندا و ئەڵمانیادا، ماکرۆن وتی " هەموو شتێکمان کردووە بۆ یارمەتیدانی ' ئۆکرانیا '."

ماکرۆن وتی " ناردنی تەقەمەنی و چەک و ئوتومبێلە زریپۆشەکانمان زیاتر کردووە، لە ڕۆژ و هەفتەکانی داهاتووشدا بەردەوام دەبین."

لەلایەکی دیکەوە کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئەڵمانیا ڕازی بووە بەوەی پێویستە لە کۆبوونەوەکەی مانگی حەوتی ناتۆدا گرەنتی ئاسایش بدرێت بە ئۆکرانیا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی " ئاشکرایە کە پێویستمان بەمەیە و بە شێوەیەکی بەرجەستەش پێویستمانە."

ڕۆژی دووشەممە ئۆکرانیا ڕایگەیاند لە یەکەمین قۆناغی هێرشە بەرپەرچدانەوەدا هێزەکانی ئۆکرانیا حەوت گوندییان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ کردۆتەوە.

کۆبوونەوە سێ لایەنییەکەی پۆڵەندا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە پاریس مەبەست لێی ناردنی پەیامی یەکگرتووییە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەوروپادا، ئەمەش دوای ئەوەی پۆڵەندا ڕۆڵێکی گەورەی سیاسیی و لۆجیستیکی بینیوە لە یارمەتیدانی ئۆکرانیادا، هەندێک کاتیش ڕەخنەی لە ڕابەرانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا گرتووە لەسەر ئەوەی زۆر خاو بوون لە یارمەتیدانی ئۆکرانیادا.

ماکرۆن وتی کۆبوونەوەکە بەڵگەیەک بووە لەسەر ئەوەی کە هیچ دابەشبوونێک لە نێوان " ئەوروپای کۆن و نوێدا " نیە، ئەم جیاکارییەش ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن ئەمەریکاوە کرا لە کاتێکدا کە 20 ساڵ لەمەوبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ڕەتییان کردەوە پشتیوانی لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بکەن لەسەر جەنگەکەی ناو عێراق.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز