لە سەرانسەری فەڕەنسا خۆپیشاندان دژی ڕاستڕەوە توندەکان بەڕێوەدەچێت

گروپەکانی دژ بە ڕەگەزپەرستی بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن لەگەڵ یەکێتییەکانی فەڕەنسا و هاوپەیمانییە نوێیەکەی باڵی چەپەکاندا لە پاریس و سەرانسەری فەڕەنسادا، ئەوەش دژی سەرهەڵدانی ڕاستڕەوە توندەکان لە کاتێکدا کە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستییان پێکردووە.

لە پاریس، ئەوانەی لەوە دەترسن کە هەڵبژاردنەکان ببنە هۆی دروستبوونی یەکەمین حکومەتی ڕاستڕەوی توندڕەو لە فەڕەنسا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، لە Place de la République کۆدەبنەوە و دواتر بە ڕۆژهەڵاتی پاریسدا ڕێپێوان دەکەن.

دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی دژە کۆچی مارین لوپین دەستکەوتێکی مێژووی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا بە دەستهێنا، خەڵکەکە ڕۆژانە لە فەڕەنسا خۆپیشاندان دەکەن. سەرکەوتنەکەی پارتەکەی لوپین شکستێکی گەورە بوو بۆ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ناچاریکرد پەرلەمانی وڵاتەکە هەڵبوەشێنێتەوە.


هەڵبژاردنە نوێیەکانی پەرلەمان بڕیارە بە دوو خول ئەنجام بدرێن، لە 30 ی مانگی شەش و 7 ی مانگی حەوتدا. ماکرۆن هەتاوەکو ساڵی 2027 وەکو سەرۆکی فەڕەنسا دەمێنێتەوە و بەرپرس دەبێت لە سیاسەتی دەرەوە و بەرگری وڵاتەکە، بەڵام سەرۆکایەتییەکەی لاواز دەبێت ئەگەر پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی مارین لوپین لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت و دەسەڵاتی حکومەت و سیاسەتی ناوخۆی بە دەستبهێنێت.

یەکێتیەکانی فەڕەنسا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا وتی " پێویستمان بە سەرهەڵدانی زیاتری دیموکراسی و کۆمەڵایەتی هەیە، ئەگەر نا ئەوا ڕاستی توندڕەو دەسەڵات دەگرێتە دەست. کۆمارەکەمان و دیموکراسییەکەمان لە مەترسیدان."

ئاماژەی بەوەدا کە لە ئەوروپا و سەرانسەری جیهانیش، سەرکردە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان کۆمەڵە پڕۆژە یاسایەکییان پەسەند کردووە کە زیانییان بە ژنان و کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان و ڕەشپێستەکان گەیاندووە.

بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرکەوتنی پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی بکەن لە هەڵبژاردنەکانی دواتردا، پارتە چەپەکان ڕۆژی هەینی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی جیاوازییەکانی نێوانییان بخەنە لاوە و هاوپەیمانییەک پێکبهێنن. داوایان لە دانیشتوانی فەڕەنسا کرد شکست بە ڕاستی توندڕەو بهێنن.

ڕاپرسییەکان لە فەڕەنسا پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی، کە سەرکردەکەی چەندین جار بە تۆمەتی ڕەگەزپەرستی و هەستی دژە جوو تۆمەتبار کراوە، پێشبینی دەکرێت لە یەکەم خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا پێشەنگ بێت. پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا سەرکەوتنی بە دەستهێنا، زیاتر لە سەدا 30 ی دەنگەکانی لە فەڕەنسا بە دەستهێنا، ئەوەش دەکاتە نزیکەی دوو هێندەی دەنگەکانی پارتی ژیانەوەی ماکرۆن.

سەرچاوە/ AP