فەڕەنسا دەڵێت وتارەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن سەبارەت بە ئۆکرانیا لە " ترس و دڵەڕاوکێیەکی بێ بنەماوە " سەرچاوەی گرتووە، هەروەها پوتنی تۆمەتبار کرد بەوەی ئەو بەڵێنانەی کە بە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنی دابوو پێشێلی کردوون.
پوتن لە وتارەکەیدا هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند، بەرپرسێکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی " وتارەکەی لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی بێ بنەماوە سەرچاوەی گرتووە." ئاماژەشی بەوەدا پوتن " ڕێزی لەو بەڵێنانە نەگرتووە کە بە ماکرۆنی داوە."
بەرپرسە فەڕەنسییەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " کردەوەی سەربازیی دیکەی ڕووسیا " بەدوور نازانین و یەکێتی ئەوروپاش ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کۆمەڵێک کەس و لایەنی ڕووسیدا، ئەوەش وەکو " بەشێک " لە وەڵامدانەوەی ئەوروپا.
بەرپرسەکە وتی " پوتن بژاردەیەکی ڕوون و ئاشکرای هەڵبژارد بۆ پێشێلکردنی بەرپرسیارێتیەکانی." وتیشی ڕۆژی سێشەممە گفتوگۆکان لەسەر سەپاندنی سزاکان بەسەر ڕووسیادا لە بڕۆکسل بەڕێوەدەچێت.
لە ماوەی ڕابردوودا ماکرۆن سەرکۆنەی بڕیارەکەی پوتنی کرد و داوای کرد ئەوروپا سزا بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس