لە تەقینەوەیەکدا لە بورکینا فاسۆ چوار سەربازی فەڕەنسی برینداربوون

سوپای فەڕەنسا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە لە باکووری بورکینا فاسۆ چوار سەربازیی فەڕەنسی برینداربوون.

سوپای فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئوتومبێلەکەیان کاتێک فڕۆکەخانەی ئۆواهیگوای جێهێشتووە بەسەر بۆمبێکی چێندراوە ڕۆیشتووە و بۆمبەکە پیایدا تەقیوەتەوە." وتیشی یەکە سەربازییەکە بەشێک بووە لە ئەرکی بارخانی پاریس، کە هێزی ڕەوانەی ساحیل کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارییە توندڕەوەکان.

سوپای فەڕەنسا وتی چوار سەرباز برینداربوون، یەکێکیان بە سەختی برینداربووە و گواستراونەتەوە بۆ مالی و ئەوانەشی برینەکانیان سەخت بووە گواستراونەتەوە بۆ فەڕەنسا.

لە ساڵی 2015 ەوە بورکینا فاسۆ بەدەست هێرشی گروپە چەکدارییە توندڕەوە ئیسلامیەکانەوە دەناڵێنێت، گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئەل قاعیدە و ڕێکخراوی داعش لە مالیەوە دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر بورکینا فاسۆ کرد.

بەپێی ئامارێکی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس زیاتر لە 2000 کەس بەهۆی ئەو هێرشانەوە کوژراون.

لەدوای دەستپێکردنی ئەرکە سەربازییەکانیەوە لە ساڵی 2013 ەوە لە مالی، سوپای فەڕەنسا ژمارەیەک لە ئەندامانی باڵای گروپە چەکدارییە توندڕەوەکانی کوشتووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس