وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا: تورکیا و ئێران یاسای نێودەوڵەتی لە سوریا پـێشێلدەکەن

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا داوایکرد هەموو ئەو گروپە چەکدارانەی ئێران کە لە سوریا هەن ئەو وڵاتە جێبهڵن، وە دەڵێت تورکیا و ئێران بە ڕەفتارەکانیان لەو وڵاتە یاسا نێودەوڵەتیـیەکان پـێشل‌دەکەن.

ژان ئیڤ لۆدغیان ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی BFM ، پـرسیاری لێکرا ئایا لەگەڵ ئەوەدایە هێزەکانی تورکیا لە سوریا بکشێنەوە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی" هەموو ئەوانەی نابێت لە سوریادا بن، بە گروپەکانی سەر بە ئێرانیشەوە پـێویستە بکشێنەوە، لەوانە حزبوڵڵاش."

پاشان گوتی یاسای نێودەوڵەتی لە سوریا پـێشێل دەکرێت لە لایەن تورکیا و ڕژێم لە دیمەشق و ئێران و ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات و پارێزگای ئیدلیب.

هەرچەندە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ داوای ڕاگرتنی هێرشی سەر عەفرینی نەکرد، بەڵام گوتی دەبێت ئەنکەرە شەڕ و ناکۆکیـیەکان لە ناو سوریا خراپـتر نەکات.

گوتیشی" مسۆگەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان، مانای ئەوە نیـیە خەڵکی سیڤیل بکوژیت، کە ئەمەش دەبێت شەرمەزاربکرێت."

جێی ئاماژەیە هەتا ئێستا ئەمە توندترین هەڵوێستی فەڕەنسایە لە بەرامبەر هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین.