وەزیرێکی فەڕەنسا: ئەگەر بەڕیتانیا جددیی بێت فەڕەنسا ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە کۆچبەران

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیڕاڵد دارمانین

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیڕاڵد دارمانین دەڵێت فەڕەنسا ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەڕیتانیادا سەبارەت بە کۆچ، ئەگەر بەڕیتانیا ئامادە بێت بۆ گفتوگۆی جددیی. هەروەها داوای لە بەڕیتانیاش کرد ڕاکێشانی کۆچبەران لەڕووی ئابوورییەوە بۆ وڵاتەکە " سنووردار " بکات.

دارمانین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ڕۆژی سێشەممە سەرۆک وەزیری فەڕەنسا ژان کاستێکس نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن دەکات و تیایدا وردەکاریی داواکارییەکانی فەڕەنسا دەخاتەڕوو.

دارمانین وتی " حکومەتی فەڕەنسا ئامادەیە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی بەڕیتانیادا دەستپێبکاتەوە ئەگەر چیتر دوو قسەیی نەمێنێت."

دوو وڵاتەکە لەدوای هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیاوە لە یەکێتی ئەوروپا ناکۆکیی لەنێوانیاندا دروست بووە، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو 27 کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز گیانیان لەدەستدا، هەردوولا یەکتر تۆمەتبار دەکەن لەسەر ئەوەی هەوڵی پێویستیان نەداوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەراندا.

هاوکات فەڕەنسا بانگهێشتەکەی وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا پریتی پاتێلی ڕەت کردەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بەمەبەستی تاوتوێکردنی ڕەوشەکە.

دارمانیان سەبارەت بە پێشنیارەکەی بەڕیتانیا بۆ ئەرکی هاوبەشی دوو وڵاتەکە لەو دەریایەدا تاوەکو ڕێگە نەدەن بەلەمی دیکە لە کەناراوەکانی فەڕەنساوە بەرەو بەڕیتانیا بڕۆن، وتی " دەتوانیت پۆلیسێکی فەڕەنسی لە کەنار دەریای بەڕیتانیادا بهێنیتە بەرچاوت؟ ئێمە بەڵێندەری لاوەکی حکومەتی بەڕیتانیا نین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز