هەڵگورد سەمەد: پارتێکی نوێ لە فەرەنسا دەبێتە رکابەرێکی گەورە

هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا و کێشمەکێشی ئەو تەوەرە گرنگانەی کە بوونەتە کۆڵەکە هەرە بنچینەییەکانی ئەو رکابەرییە سیاسیە؛ تێکڕا جێی ئاماژەو وردبونەوەی شرۆڤەکاران و میدیاکارانن. پرسی ئابوری، پرسی ئاسایشی نیشتیمانی و تیرۆر، پرسی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و بەرهەمی خۆماڵی و بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی فەرەنسا بە گشتی تێکڕا ئەو تەوەرانەن کە وایکردووە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسای خستۆتە نێو ئەگەر و سۆپرایسی سیاسییەوە.

لە کاتێکدا حیزب هەیە خاوەنی زیاد لە پەنجا ساڵە؛ بەڵام ئەوڕۆوکە حیزبێکی تەمەن یەک ساڵە بۆتە رکابەرێکی گەورەی نەک هەر حیزبە کۆنەکان، بەڵکە حیزبە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی فەرەنساش!

سەبارەت بە شرۆڤەکاریی و لێکدانەوەی لایەنە هەرە سەرەکی و پڕ بایەخەکانی ئەم هەڵبژاردنەی فەرەنسا ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکا وتوێژێکی لەگەڵ رۆژنامەوان و پەیامنێری کەناڵی NRT لە فەرەنسا هەڵگورد سەمەد سازکردووە....

ئەو دەڵێت ریفۆرمی ئابوری یەکێکە لەتەوەرە گرنگەکانی هەڵبژاردنەکەی فەرەنسا، هاوکات هەڵگورد دەشڵێت "پرسی تیرۆر کە لە چەند ساڵی رابردوودا کە چ فەرەنسا، بەلجیکا، ئەڵمانی و بەریتانیا هەمویان کەوتنە بەر هێرشی تیرۆریستی، ئەوان دەیانەوێت سیستمێکی ئاسایشی تۆکمە بدۆزنەوە".

هەڵگورد وردتر دەچێتە سەر تەوەرێکی گرنگ و دەڵێت "تەوەرێکی دیکە مەسەلەی بێکارییە، کە بێگومان لەفەرەنسادا رێژەی بێکاری نزیکەی بۆ لە %10 بەرزبۆتەوە، واتە نزیکەی لە 67 ملیۆنەی دانیشتوانی فەرەنسا نزیکەی زیاتر لە 5 ملیۆن بێکار هەیە، ئەمەش رێژەیەکی هێجگار زۆری بێکارییە لە فەرەنسادا".

هاوکات دەڵێت "ئێستا زوربەی هەرە زۆری کارگەکان لە فەرەنسادا داخراون، ئێستا زوربەی شتومەکەکان لەچین و لەوڵاتانی دیکەی ئاسیاوە هاوردە دەکرێن؛ حکومەت نەیتوانیوە چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانە بدۆزێتەوە".

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ هەڵگورد سەمەد