قەرزێکی 50 ملیار دۆلاری دەدرێت بە ئۆکرانیا بە بەکارهێنانی سەرمایە سڕکراوەکانی ڕووسیا

ڕۆژی پێنجشەممە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕایانگەیاند کە دەیان ملیار دۆلار وەکو قەرز دەدەن بە ئۆکرانیا لە ڕێی بەکارهێنانی داهاتی ئەو سەرمایانەی ڕووسیا کە لە دامەزراوە داراییەکانی ڕۆژئاوادا سڕکراون.

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی کە میوانداری کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت دەکات وتی " گەیشتووین بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی بۆ دابینکردنی پشتیوانی دارایی زیاتر بۆ ئۆکرانیا تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کە بڕەکەی دەگاتە نزیکەی 50 ملیار دۆلار."

ڕاگەیاندنەکە لە یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا بوو لە هاوینەهەواری بۆرگۆ ئیگنازیا لە پولیای ئیتاڵیا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە هەوڵی ئەوە دابوو وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕازی بکات بە پلانەکەی بۆ دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ ئۆکرانیا کە ڕووبەڕووی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بووەتەوە.

بایدن ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا وتی ڕێککەوتنەکەی کۆمەڵەی حەوت " بە بیرهێنانەوەیەکی دیکەیە بۆ ( سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر ) پوتن لەسەر ئەوەی کە ئێمە پاشەکشە ناکەین. لە ڕاستیدا ئێمە پێکەوە دژی ئەم سەرکوتکارییە نایاساییە دەوەستینەوە."

جێی ئاماژەیە نزیکەی 280 ملیار دۆلار لە سەرمایەکانی ڕووسیا لە دامەزراوە داراییەکانی ڕۆژئاوادا سڕکراون. ئەو سەرمایانە پێشبینی دەکرێت ساڵانە بە بڕی لانیکەم 3 ملیار دۆلار داهاتییان هەبێت. قەرزە 50 ملیار دۆلارییەکەی کە دەدرێت بە ئۆکرانیا بەپێی ئەو داهاتە لە ماوەی 10 ساڵ یاخود زیاتردا دەدرێتەوە، یاخود تاوەکو ئەو کاتەی قەرزەکە بە یەکجاری دەدرێتەوە یان ڕووسیا قەرەبوو دەداتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا