ڕابەرانی کۆمەڵەی حەوت ڕێککەوتن لەسەر تاوتوێکردنی دابەزاندنی نرخی وزەی ڕووسیا

بەرپرسانی کۆمەڵەی حەوت دەڵێن ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەکە ڕازیبوون لەسەر تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی نرخی هاوردەکردنی نەوت و گازی ڕووسیا، ئەمەش لەپێناو ئەوەی توانای ڕووسیا بۆ پشتیوانیکردنی دارایی لە جەنگەکەی لە ئۆکرانیا سنووردار بکەن.

بەرپرسەکان وتیان یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا تاوتوێی کەمکردنەوەی نرخەکانی وزە دەکەن، لەوانەش توانای جێبەجێکردنی کەمکردنەوەی نرخەکان بۆ ماوەیەکی کاتی.

وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە کۆبوونەوەکانیاندا لە ئەڵمانیا تاوتوێی کەمکردنەوەی نرخەکانی وزەی ڕووسیا دەکەن لە جیهاندا، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی ڕێگە لە ڕووسیا بگرن سوود لە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا وەرنەگرێت، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکانی نەوت و گاز لە جیهاندا.

دزگای وزەی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی مانگانەیدا بۆ مانگی شەش دەڵێت لە مانگی پێنجدا سەرەڕای ئەوەی سزاکان هەناردەی نەوتی ڕووسیایان کەمکردەوە، بەڵام داهاتی هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا زیاتر بووە.

ئەمەریکا یەکەمین وڵاتە پەیوەندیی لەگەڵدا بکرێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی نرخی ئەو نەوتەی ڕووسیا کە وڵاتانی دیکە دەیدەن.

ئیتاڵیا کە ئابوورییەکەی پشتی بە وزەی ڕووسیا بەستووە، دەیەوێت کەمکردنەوەی نرخەکانی گاز درێژبکرێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی هۆشداریدا و گوتی پێویستە مامەڵە لەگەڵ نرخەکانی وزەدا بکرێت تاوەکو ڕێژەی هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ بکرێت، هەروەها وتیشی تەنها ڕێگر لەبەردەم هاوبەشە ئەوروپییەکاندا بۆ کەمکردنەوەی نرخەکانی گازی ڕووسیا ئەوەیە لەوە دەترسن ڕووسیا هەناردەکردنی گاز کەمتر بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز