توێژەران دەڵێن ژمارەی کوژراوەکانی غەززە بە ڕێژەی 41% زیاترە لە ئامارە فەرمییەکان

گۆڤاری پزیشکی بەناوبانگی 'ڵەنسێت'(The Lancet) ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردەوە کە بەپێی ئەو توێژینەوەیە ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی لە شەڕی غەززە ڕەنگە زۆر زیاتر بێت لەو ئامارە ڕەسمیانەی تا ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی پزیشکی بزووتنەوەی حەماسەوە ڕاگەیەندراوە. لێکۆڵینەوەکانی توێژەرانی بەریتانیا دەریدەخەن کە ژمارەی کوژراوان لە نۆ مانگی یەکەمی جەنگی غەززەدا بەڕێژەی 41% زیاتر بووە لەو ئامارە فەرمییانەی کە بڵاوکراونەتەوە.

شیکارییەکە کە ڕۆژی پێنجشەممە لە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت لە ماوەی نێوان مانگی 10 ی ساڵی 2023 ەوە تاوەکو مانگی شەشی ساڵی 2024 زیاتر لە 64,000 فەلەستینی لە غەززە کوژراون، لەو کاتەدا وەزارەتی تەندروستی غەززە وتی ژمارەی کوژراوەکان 37,877 کەس بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی لە سەدا 59 ی کوژراوەکان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە نەدراوە چەند کەس لەو ژمارەیە چەکداری حەماس بوون.

شیکارییەکی جیای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 8000 مەرگی پشتڕاست کراوە لە مانگی یانزەی ساڵی 2023 ەوە بۆ مانگی چواری ساڵی 2024 تۆمار کراون، لە سەدا 44 ی قوربانییەکان منداڵ بوون و لە سەدا 26 ژن بوون.

هاونوسەری ڕاپۆرتەکە زینا جەمالودینی لەندەن سکوڵ ئۆف هایجین و ترۆپیکاڵ مێدیسن وتی " لە ڕاستیدا ژمارەی مردنەکان ڕەنگە زیاتر بێت ئەگەر ئەو حاڵەتانەش تۆمار بکرێت کە تێیاندا نەتوانراوە دەستبگات بە چارەسەری تەندروستی و جەڵتەی دڵ و نەخۆشی گواستراوە و دووگیانی و چەندین شتی دیکە."

شیکارییەکە باسی لەو کەسانە نەکردووە کە بێسەروشوێن بوون. ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 10,000 فەلەستینی لە ژێر داروپەردبووەکاندا بێسەروشوێن بوون و بە مردوو لە قەڵەمدراون.

لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە وتییان لەو هێرشەدا 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. ئەو هێرشەی حەماسیش بووە هۆی وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل و هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا.

باڵیۆزی ئیسڕائیل لە لەندەن بە دەنگی ئەمەریکای وت " وەکو چۆن پێشتر ئاماژەمان پێداوە، هەر زانیارییەک کە لە غەززەوە سەرچاوەی گرتووە ناکرێت متمانەی پێبکرێت، ناشتوانیت مێژووەکەی Lancet لە دژایەتیکردنی ئیسڕائیلدا پشتگوێ بخەیت. لەبەر ئەم هۆکارە ئێمە داوا لە خوێنەران دەکەین پرسیار بکەن لە سەرچاوەکانییان و ڕاستییان. داوا دەکەین بەردەوامیدان بە بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست سەبارەت بە ئیسڕائیل ڕابگیرێت، ئەو جۆرە چالاکییە تەنها خزمەتی حەماس دەکات، نا بەرپرسانەیە و بە شێوەیەکی مەترسیدار یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی ڕق و کینە دژی جووەکان."

ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسڕائیلەوە بڵاویکردەوە " هیچ سوپایەک لە جیهاندا ئەوەندە ڕێوشوێنی نەگرتووەتەبەر. ئەو ڕێوشوێنانە بریتین لە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی هاووڵاتیانی سڤیل بۆ چۆڵکردن، ناوچە پارێزراوەکان و گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ ڕێگریکردن لە زیان گەیشتن بە هاووڵاتیانی سڤیل. ئەو ژمارانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا خراونەتەڕوو ڕەنگدانەوەی دۆخە ڕاستەقینەکە نین."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا