وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت زیاتر لە 45,000 کەس کوژراون

ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی تەندروستی غەززە وتی هێرشەکانی ئیسڕائیل دژی چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززەدا بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 45,000 کەس.

وتیشی نزیکەی 107,000 کەسی دیکە بریندار بوون. وەزارەتەکە لە بژاردنی ژمارەی کوژراوەکاندا جیاوازی ناکات لە نێوان چەکداران و هاووڵاتیانی سڤیلدا، بەڵام پێشتر وتوویەتی کە زیاتر لە نیوەی ئەوانەی کوژراون ژن و منداڵ بوون.

وتیشی لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا 52 کەسی دیکە کوژراون.

بەرپرسانی بەرگری شارستانی و نەخۆشخانەکان دەڵێن هێرشە ئاسمانییە کوشندەکانی ڕۆژی یەکشەممەی ئیسڕائیل شاری غەززە لە باکوور و خان یونس لە باشوور و کامپی پەنابەرانی نوسیرەت لە ناوەڕاستی غەززەیان کردووەتە ئامانج.

سوپای ئیسڕائیل وتی یەکێک لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژی یەکشەممە بە ئامانجکردنی بینایەکی سەرکردایەتی حەماس بووە لە نوسیرەت.

ئیسڕائیل هەمیشە حەماسی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کارکردن لە نێو ئەو شوێنانەدا کە هاووڵاتیانی سڤیلییان تێدایە، هاوکات فەلەستینییەکان و گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن سوپای ئیسڕائیل کاری تەواو ناکات بۆ ڕێگریکردن لە کوژرانی هاووڵاتیانی سڤیل.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا گروپە چەکدارییە فەلەستینییەکان بە سەرکردایەتی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەیان وەکو بارمتە گرت، بەو هاووڵاتیانەشەوە کە ئەمەریکایی – ئیسڕائیلی بوون. لە گفتوگۆکان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسڕائیلدا زیاتر لە 100 بارمتە ئازاد کراون. لەو 100 بارمتەیەی کە ماونەتەوە، نزیکەی نیوەیان باوەڕوایە لە ژیاندا مابێتن.

حەماس لەلایەن ئەمەریکا و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەوانی دیکەشەوە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا