نەتەوە یەکگرتووەکان: خەڵکی مەدەنی غەززە لەگەڵ مەترسی برسێتیدا ڕووبەڕوون

ڕۆژی هەینی جارێکی دیکە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە ڕاگیران، ئەوەش بەهۆی کەمی سوتەمەنی و پچڕانی پەیوەندییەکانەوە، ئەمەش ئازار و ناڵەی هەزاران فەلەستینی بێ ماڵ و برسی زیاتر کرد لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئیسڕائیل دژی چەکدارانی حەماس شەڕ دەکەن.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی هاووڵاتییانی سڤیل ڕووبەڕووی " ئەگەری مردن بوونەتەوە لە برسێتیدا "، ئەوەش بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە.

لە کاتێکدا کە جەنگەکە خەریکە دەچێتە حەوتەمین هەفتەیەوە، هیچ ئاماژەیەک نیە لە کەمبوونەوەی توندیی شەڕەکەدا، ئەمەش سەرەڕای داوا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست، یاخود تەنانەت بۆ لانیکەم وەستانی مرۆییش.

هاوکات کاربەدەستێکی ئیسرائیلی ڕۆژی هەینی 17ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، کابینەی جەنگی ئەو وڵاتە مۆڵەتی داوە بە دوو بارهەڵگری سووتەمەنی ڕۆژانە بچنە ناو غەززە بۆ ئەوەی یارمەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بدەن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەو بەرپرسە کە تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، زیاتر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارە دوای داواکەی واشنتن دراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە ڕێگەدان بە هاتنە ناوەوەی سووتەمەنی بۆ غەززە، مەودای زیاتر دەدات بە ئیسرائیل بۆ مانۆڕکردن لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هەڵمەتەکانی بۆ لەناوبردنی حەماس لە ناوچەکەدا.

دەزگای هەواڵی وەفای فەلەستینییەکان ڕایگەیاندووە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە کە لە کۆمەڵێک کەمئەندامی داوە لە نزیک خاڵی سنووری ڕەفەحی نێوان غەززە و میسڕ، کە خاڵی تێپەڕبوونی یارمەتییەکانە بۆ ناو غەززە، ژمارەیەک لە فەلەستینییەکان کوژراون و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

کەناڵی ئەل جەزیرە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە نۆ کەس لەو هێرشەدا کوژراون. کەناڵەکە وتیشی لانیکەم 18 فەلەستینی دوای هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل بۆ سەر خانوویەک لە کامپی نوسیرەتی ئاوارەکان لە ناوەڕاستی غەززە کوژراون.

سوپای ئیسڕائیل کە سەنگی هێرشەکانی خستووەتە سەر باکووری غەززە، وتی هێزەکانی و فڕۆکە جەنگییەکانی ڕۆژی هەینی بەردەوام بوون لە فشارەکانییان.

وتیشی حەشارگەی فەرماندەیەکی جیهادی ئیسلامییان کۆنتڕۆڵ کردووە و چەکدارانی حەماسیشییان لە ناو قوتابخانەیەکدا کوشتووە کە بڕێکی زۆر چەکی تێدا بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا ئیسڕائیل وتی هێزەکانی شەفتی تونێلێکییان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە لە نەخۆشخانەی ئەل شیفا بەکارهێندراوە.

نەخۆشخانەکە کە پڕە لە نەخۆش و ئاوارەکان و کۆشش دەکات تاوەکو بەردەوام بێت لە خزمەتگوزارییەکانی، بووەتە سەنگی سەرەکی نیگەرانییە جیهانییەکان. ئیسڕائیل دەڵێت حەماس چەک و تەقەمەنی و بارمتەکانی لە تونێلەکانی ژێر نەخۆشخانەکاندا داناوە، نەخۆشەکان و خەڵکەکەی ناو نەخۆشخانەکانی وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە. حەماس ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

جەنگەکە بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل سەریهەڵدا، بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەدا نزیکەی 1200 ئیسڕائیلی کوژراون کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 11,500 فەلەستینی کوژراون، لانیکەم 4700 کەسییان منداڵن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز