ئەسپەکان کەی ماڵی کران و چۆن مێژووی مرۆڤایەتیان گۆڕی؟

یەکەم دەرکەوتنی ئەسپ و بەکارهێنانی بە مەبەستی گواستنەوە، ساتەوەختێکی گرنگ و سەرەکی بووە بۆ مرۆڤایەتی و لەو ڕووەوە کە توانای پێداون بۆ یەکەمین جار بە خێرایی مەودای دوور ببڕن، گەلانی کۆنی بەیەکەوە گرێداوە و لە هەمان کاتیشدا گۆڕانکاری کردووە لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی جەنگەکاندا.

بەڵام کاتی ماڵیکردنی ئەسپ و دواتر بەکارهێنانی بەرفراوانی هەمیشە جێگەی مشتومڕ بوون. شیکاری داتاکانی جینۆم کە لە 475 ئەسپی کۆن و 77 ئەسپی نوێوە وەرگیراون، ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بەم بابەتە دەخاتەڕوو. شیکارییەکان ئاشکرای دەکەن کە ماڵیکردن لە ڕاستیدا دوو جار ڕوویداوە: یەکەمجار ڕێگەیەکی داخراو بووە و سەرهەڵدانی بەکارهێنانی ئەسپەکانی وەکو هۆکاری گواستنەوە بۆ نزیکەی ساڵی 2200 پێش زایین لە یۆراسیادا گەڕاندوەتەوە، ئەوەش چەند سەدەیەک دواترە وەک لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە.

زیندەناسی پەرەسەندن پابلۆ لیبرادۆی ناوەندی بایۆلۆجی پەرەسەندن لە بەرشەلۆنە و پێشتریش لە دەزگای CNRS ی توێژینەوەی فەڕەنسی کاریکردووە و نوسەری سەرەکی توێژینەوەکەیە کە لەم هەفتەیەدا لە گۆڤاری نەیچەر بڵاوکرایەوە، دەڵێت " ماڵیکردنی ئاژەڵەکان بە گشتی، مێژووی مرۆڤایەتیان گۆڕی، بەڵام هیچ ئاژەڵێکی دیکە وەکو ئەسپ پاشا دروستکەر نەبووە."

وتی " بیر لە جەنگیز خان بکەرەوە، بە ئیمپڕاتۆرییەتەکەیەوە کە لە دەریای ژاپۆنەوە درێژ دەبووەوە بۆ دەرگاکانی ئەوروپا. ئەو جیهانەی کە ئەمڕۆ دەیبینین ئەسپ پێکیهێناوە. بیر لە کشتوکاڵ بکەرەوە، ئەسپ چەند گرنگ بوو وەکو ئاژەڵێکی کارکەر. بیر لە نیویۆرک یاخود واشنتن بکەرەوە 200 ساڵ لەمەوبەر، گالیسکەکان لەسەر شەقامەکان لەلایەن ئەسپەکانەوە ڕادەکێشران."

بەڵگە جینۆمییەکە پیشانیدا کە ئەسپەکان سەرەتا لە ناوەڕاستی ئاسیا و بە دیاریکراوی لە باکووری کازاخستان ماڵیکراون، نزیکەی 5,500 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن خەڵکانێکەوە کە بە کلتوری بۆتای ناسراون. بەڵام ماڵیکردنەکەیان لە دەستکەوتنی گۆشت و شیرەوە سەرچاوەی گرتووە نەک جوڵەکردن، بڵاویش نەبووەتەوە. ئەسپە کوشندەکانی پرژیواڵسکی مەنگۆلیا لەو ئەسپە بۆتاییانەوە هاتبوون.

بەپێی توێژینەوەکە، دووەم ماڵیکردنی ئەسپەکان نزیکەی 4,700 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە، لە دەشتە فراوانەکانی ڕۆژئاوای ڕووسیا، بۆ ماوەی چەند سەدەیەک ئەوە بەردەوام بووە و دواتر بەکارهێنانی ئەسپ وەکو هۆکارێکی گواستنەوە 4,200 ساڵ لەمەوبەر بە خێرایی گەیشتە سەرانسەری یۆراسیا. سەرجەم ئەسپە نوێیەکان ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەمە.

بەڵگە جینۆمییەکە دەریدەخات کە گۆڕانکاری ڕوویداوە لە چۆنێتی بەخێوکردنی ئەسپدا لەو سەردەمەدا، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی لە ئاست خواستەکاندا بێت بۆ ئەسپ. بەپێی شوێنەوارناس و هاونوسەری توێژینەوەکە لودوڤیک ئۆرلاندۆ، خەڵکەکە تواناکانی بەرهەمهێنانی ئەسپییان دوو هێندە کرد، ئەوەش لە ڕێی نیوەکردنی نەوەکانەوە لە هەشت ساڵەوە بۆ چوار ساڵ.

لیبرادۆ وتی " تەنها لەو کاتەدا جووتبوونی ئەو ئەسپانەی کە لە یەک خێزاندا بوون دەبینین، پێش ئەو ماوەیە نەمانبینیوە. ئەمە کارێکە کە ئەسپە کێوی یاخود ماڵییەکان دەیانەوێت خۆیانی لێبەدوور بگرن، بەڵام بەخێوکەرەکانییان ناچارییان کردوون لەگەڵ خزمەکانی خۆیاندا جووت ببن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی هەندێک لە خاسییەتە بەنرخەکانی وەکو زیادبوونی گوێڕایەڵیدا."

لیبرادۆ وتی " هەر کە ئەسپەکان بە سەرانسەری یۆراسیادا بڵاوبوونەوە و فشارەکانیش بۆ فراوانکردنییان لە ڕووی ژمارە و شوێنەوە نەمان، کاتی نەوەی ئەسپەکان گەڕایەوە بۆ کاتە ئاساییەکەی خۆیان. کاتی نەوەکان تەنها لە ماوەی 200 ساڵی ڕابردوودا کەمکراونەتەوە ئەوەش بەهۆی بەخێوکردنی پیشەسازییەوە، بەپەلەیی بەرهەمهێنانی جۆری نوێی ئەسپ بۆ ئەرکی دیاریکراو."

بەکارهێنانی ئەسپ وەکو هۆکارێکی گواستنەوە ڕێگەی بە خەڵکەکەدا بە خێرایی مەودا دوورەکان ببڕن، پەیوەندییەکانی خێراتر کرد و تۆڕە بازرگانییەکانی لە سەرانسەری ئەوروپا و ئاسیادا خێراتر کرد، هەروەها ڕێگەیدا بە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی نێوان چەندین کلتوری جیاواز و هەمەچەشن. گالیسکە و سوارچاکەکان شێوازی بەڕێوەچوونی جەنگییان گۆڕی.

ئۆرلاندۆ وتی " ئەمە سەردەمێکی نوێی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەستپێکرد، کاتێک جیهان بچووکتر بووەوە و زیاتر بە جیهانی بوو. ئەم سەردەمە بەردەوام بوو هەتاوەکو داهێنانی بزوێنەری سوتان لە سەدەی نۆزەیەمدا."

لیبرادۆ وتی " چەند ئیمپڕاتۆری سوارچاکەکان سەریانهەڵدا و ڕووخان؟ ئێمە باوەڕمان وایە کە بەشی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەسپەکاندا داهێنانی گالیسکە بوو، کە بە پێچەوانەی عەرەبانە قورسەکانەوە، بۆ یەکەمین جار دەکرا بە ئەسپەکان ڕابکێشرێن نەک بە ئاژەڵی دیکە."

لە نزیکەی 3000 ساڵ پێش زاییندا کۆچێکی گەورەی مرۆڤەکان لە یۆراسیا ڕوویداوە کە زمانی ئیندۆ ئەوروپی بڵاوکردەوە. بەکارهێنانی ئەسپ وەکو هۆکارێکی گواستنەوە باوەڕوایە ڕۆڵێکی سەرەکی لەو ڕووداوەدا بینیبێت.

ئۆرلاندۆ وتی " باوەڕوابوو کە کۆچی مرۆڤەکان بە دەشتە فراوانەکاندا نزیکەی 5000 ساڵ لەمەوپێش لەسەر پشتی ئەسپەکان ڕوویداوە. کارەکەی ئێمە دەریدەخات کە لەو کاتەدا ئەسپەکان لەسەر دەشتی فراوان نەجووڵاون، لەبەرئەوە کاتێک مرۆڤەکان جووڵاون، ئەسپەکان نەجووڵاون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز