ڕێکخراوە فریاگوزارییەکانی ئەڵمانیا بەهۆی ئاسایشەوە ئەرکەکانیان لە تورکیا ڕادەگرن

دوو ڕێکخراوی فریاگوزاری ئەڵمانی ئەرکە فریاگوزارییەکانیان لەو ناوچانەی تورکیادا ڕاگرت کە بومەلەرزەکە لێیداون. هۆکاری ڕاگرتنی کارەکانیان گەڕاندەوە بۆ بوونی کێشەی ئاسایش و هەواڵەکان لەسەر شەڕ و پێکدادانی نێوان دوو کۆمەڵە کەس و شەڕە تەقەوە.

ڕێکخراوی گەڕان و فریاکەوتنی نێودەوڵەتی ئەڵمانی و دەزگای فیدڕاڵی ئەڵمانیا بۆ فریاگوزاری تەکنیکی وتیان کارەکانیان ڕادەگرن تاوەکو ئەو کاتەی دەزگای پاراستنی شارستانی تورکیا دەڵێت دۆخەکە پارێزراوە.

بەڕێوبەری ئەرکەکانی ڕێکخراوی گەڕان و فریاکەوتنی نێودەوڵەتی ئەڵمانی ستیڤن بایەر وتی دۆخی ئاسایش لە چەند ڕۆژی دوای بومەلەرزەکەوە خراپتر بووە و ئەمەش ئاساییە لەو جۆرە بارودۆخەدا.

وتی " بەشێکی ئەوە لەبەر ئەوەیە کە ئێستا خۆراک کەم بۆتەوە، ئاو کەم بۆتەوە، خەڵکەکەش دەگەڕێن بە دوای خۆراک و ئاودا."

وتیشی " دووەم شت ئەوەیە ئێستا خەڵکەکە هیوایان نەماوە، ئەوەش کە هیوا دەکرێت بگۆڕێت بۆ توڕەیی."

ڕێکخراوی گەڕان و فریاکەوتنی نێودەوڵەتی ئەڵمانی بە ڕۆیتەرزی وت " هەواڵی زۆر هەن لەسەر پێکدادانی نێوان خەڵکەکە، دەوترێت تەقەش کراوە."

هاوکات ئوستریاش ئەرکەکانی فریاگوزاری لە تورکیا ڕاگرت و دواتر دەستیپێکردەوە. ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری ئوستریا وتی سوپای تورکیا یەکە فریاگوزارییەکەیان دەپارێزێت.

سویسرا وتی لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئاسایشی هاتای دەکات و بەو پێیەش ڕێوشوێنەکانی ئاسایش زیادکراون.

سویسرا نزیکەی 87 شارەزا و 8 سەگی ڕەوانەی تورکیا کردووە بۆ ئەرکەکانی فریاگوزاری، تاوەکو ئێستاش 11 کەسییان ڕزگارکردووە، دوو کۆرپەش لە نێویاندا بوون. ڕۆژی هەینیش 12 کەسی دیکەی ڕەوانەی تورکیا کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز