پۆلیسی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوە لە چاڵێک دەکات لەسەر گۆڕی وەزیری پێشووی دارایی وڵاتەکە

وەزیری پێشووی دارایی ئەڵمانیا ووفگانگ شایبلێ

ڕۆژی دووشەممە پۆلیسی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد دوای ئەوەی چاڵێکی قووڵ لەسەر گۆڕی وەزیری پێشووی دارایی ئەڵمانیا وفگانگ شایبلێ دۆزرایەوە، وەزیرەکە ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی گۆڕەکەی شایبلێ لە شوێنەکەی خۆیەتی لە ئۆفینبێرگی باشووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا و چاڵەکەش بەیانی ڕۆژی دووشەممە ئاشکرا بووە.

پۆلیس وتی " چاڵێکی 1.2 مەتری هەبووە " لەسەر گۆڕەکەی شایبلێ کە سیاسییەکی پارێزگار بووە. وتیشی ئەو کەسەی چاڵەکەی هەڵکەندووە " نەگەیشتووە بە تابووتی مردووەکە."

پۆلیس وتی هێشتا هەلومەرجەکە ڕوون نییە.

شایبلێ کە بۆ چەندین دەیە کەسایەتییەکی دیاریی سیاسەتی ئەڵمانیا بووە، لە مانگی یەکدا بەخاک سپێردرا.

شایبلێ ئەندامێکی پارێزگاران بووە و لە ماوەی ڕاوێژکارەکانی ئەڵمانیا هەلموت کۆل و ئانگێلا مێرکڵدا خزمەتی کردووە.

لە کارکردنیدا لەگەڵ کۆل، شایبلێ ڕۆڵێکی سەرەکی بووە لە یەکگرتنەوەی ئەڵمانیادا لە ساڵی 1990 دا و وەکو وەزیری دارایی لە سەردەمی ئانگێلا مێرکڵدا ناوبانگی ڕێکخەری بودجەی ئەڵمانیای بۆ خۆی پەیدا کرد.

شایبلێ لە ساڵی 2017 ەوە تاوەکو ساڵی 2021 وەکو سەرۆکی پەرلەمانی فیدڕاڵی ئەڵمانیا کاریکردووە و تاوەکو مردنیشی وەکو ئەندامی پەرلەمان مایەوە.

ئاشکرابوونی چاڵەکەی سەر گۆڕەکەی بووە شتێکی بێزارکەر بۆ زۆرێک لە ئەڵمانییەکان.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا نانسی فەیسەر بە ڕۆژنامەی جێرمان دەیلی وت ڕووداوەکە " تاوانێکی قێزەونە و دەبێت بە توندی سزا بدرێت."

سەرۆکی ئێستا پەرلەمانی فیدڕاڵی ئەڵمانیا بایربێل باس وتی " بە تەواوەتی توشی شۆک " بووە بە کاری تێکدانی گۆڕی شایبلێ.

بەڵام ئاماژەشی بەوەدا کە نیگەرانە سەبارەت بە " نیشانەکانی بە دڕندایەتیکردن " لە هەندێک لە کەرتەکانی کۆمەڵگەدا.

سکرتێری گشتی پارتی پارێزگاران کارستین لینیمان بە هەمان شێوە بە ڕۆژنامەی بیڵدی وت ڕووداوەکە " ڕق و کینەیە و توشی سەرسوڕمانی کردووم."

وتی " هیوادارم بە خێرایی تاوانبارەکان دەستگیر بکرێن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس