شۆڵز دەڵێت پلانی هەیە بەمزووانە لەگەڵ پوتندا قسە بکات

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەڵێت پلانی هەیە بەمزووانە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا قسە بکات و داوای لێبکات هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە.

شۆڵز لە میانەی وتارێکیدا لە کۆنفرانسێکدا لە کڵێسای پرۆستانتی ئەڵمانی لە نوریمبێرگ وتی لە ڕابردوودا لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ پوتندا کردووە.

شۆڵز گوتیشی " پلانم هەیە جارێکی دیکە قسەی لەگەڵدا بکەمەوە. ڕێی تێناچێت ئۆکرانیا ناچار بکەیت هێرشێک پەسەند بکات کە پوتن ئەنجامدەرییەتی و چەند بەشێکی خاکی ئۆکرانیا هەر بەم شێوەیە ببنە بەشێک لە ڕووسیا." وتیشی دڵنیا دەبێتەوە لەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕانەکێشرێتە ناو جەنگەکەوە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە دەزگای هەواڵی تاسی وت لە ئێستادا هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ شۆڵزدا لە خشتەی کارەکانی پوتندا نیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز