ئەڵمانیا بە فەڕمی گرەنتییەکانی کارکردن لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە

حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت لە نێوەندی سەرکوتکارییەکانی ئێراندا دژی خۆپیشاندانەکان، حکومەتی ئەڵمانیا بە فەڕمی گرەنتییەکانی کرێدت و بەرهەمهێنانەکان بۆ کارکردن لە ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە.

وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا وتی بە لە بەرچاوگرتنی " دۆخی مەترسیداری ناو ئێران، " فۆرماتەکانی دیکەی ئابووریشی لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندۆتەوە، لەوانەش گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی وزە.

گرەنتییەکانی هەناردەکردنی کرێدت کۆمپانیا ئەڵمانیەکان لە زیانەکان دەپارێزن لە کاتێکدا کە پارەی هەناردەکان نەدرێن. گرەنتییەکانی وەبەرهێنان بۆ ئەوە دەدرێن کە وەبەرهێنانە ڕاستەوخۆکانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بپارێزن لە مەترسییە سیاسییەکانی ناو ئەو وڵاتانەی کە کۆمپانیاکان وەبەرهێنانیان تێدا کردووە
.
وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا وتی بەکارهێنانی ئەو ئامڕازانە بۆ پڕۆژەکان لە ئێران بۆ ماوەی چەند دەیەیەک ڕاگیرابوون هەتاوەکو ئەو کاتەی کە لە ساڵی 2016 دا " کرانەوەیەکی ماوە کورت " هاتە بەردەم، دوای ئەوەی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا کە ئەڵمانیاشییان تێدا بوو لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕێککەوتن. وتیشی گرەنتییەکان لەو ماوەیەدا بە چەند پڕۆژەیەک دران، بەڵام لە ساڵی 2019 ەوە هیچ گرەنتییەک نەدراوە.

وتیشی ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریداوە " سەرجەم گرەنتییەکان هەڵبوەشێنێتەوە " و تەنها دەدرێت بەو پڕۆژانەی کە هۆکاری مرۆییان لە پشتەوەیە. بەپێی وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا، لە ساڵی 2021 دا بازرگانی نێوان ئەڵمانیا و ئێران 1.76 ملیار یۆرۆ بووە، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەم ساڵیشدا 1.49 ملیار یۆرۆ بووە.

سەرچاوە/ AP