سزادانی پەنابەرێکی سوری لە ئەڵمانیا لەسەر تاوانی جەنگ لە سوریا

دادگایەکی پـیاداچوونەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ پەنابەرێکی سوری دەرکرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و بەشداریکردن لە ڕفاندنی کارمەندێکی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا بۆ بەرژەوەندی بەرەی نوسرە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت دادگاکە بڕیاری دا سلێمان ئەل‌ـ س تەمەن 28 ساڵ 4 ساڵ و 9 مانگ زیندانیبکرێت لەسەر ڕفاندنی کارل کامپو ڕاوێژکاری پـێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یاسایی لە ساڵی 2013 لە دیمەشق.

سلێمان لە ساڵی 2014 گەیشتە ئەڵمانیا و لەوێ داوای مافی پەنابەری کرد و دەسەڵاتداران داواکەیان پەسەندکرد.

مانگی یەکی ساڵی 2016 دەستگیرکرا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە وڵاتەکەی، بەوەش بووە یەکەم هاوڵاتی سوری لە ئەڵمانیا لەسەر ئەم جۆرە تاوانە دەستگیربکرێت.

دادگای شتوتگارت لە مانگی نۆی ساڵی 2017بڕیاری دا 3 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بکرێت بە تۆمەتی هاندان و یارمەتیدان لە ڕفاندنی کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام داواکاری گشتی ئەڵمانیا ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بڕیاری دادگا دەربڕی و گوتی سلێمان نەک تەنیا یارمەتی دابوو، بەڵکو ڕاستەوخۆی بەشداری لە ڕفاندنەکەدا کردبوو. بۆیە تانەی لە بڕیارەکە گرت و کەیسەکە ڕەوانەی دادگای پـیاداچوونەوە کرا.

جێی ئاماژەیە کارڵ کامپو هاوڵاتیـیەکی کەنەدیـیە و لە بەرزایـیەکانی گۆلان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کاری دەکرد، لە ساڵی 2013 ڕفێندرا بە دەستی چەکدارانی بەرەی نوسرە، ئەوەی ئێستا ناوی گۆڕدراوە بۆ هەیئەت تەحریر ئەلشام. ئەم گروپە توندڕەوە سەر بە ئەلقاعیدەیە داوای 7 ملیۆن دۆلاری دەکرد بۆ ئازادکردنی. بەڵام دوای هەشت مانگ کارڵ توانی لە دەستیان هەڵبێت.

پاش ڕزگاربوونی کتێبێکی لە بارەی ڕفاندنەکەی نووسی و تیایدا باسی لە مەینەتیـیەکانی کردووە بە دەستی ئەو گروپەوە. دەڵێت زۆر ئازاریان دابوو و بە زۆریش ناچاریان کردبوو ببێتە موسڵمان.