وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک سەردانی بەرەکانی پێشەوەی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کرد و لەبەردەم پاشماوەی خانووەیەکی ڕووخاودا وەستا.
بێربۆک لە شوێنێکی نزیک لە بەندەری ماریوپۆل کە پێشتر هاوینەهەوار بووە وتی " زۆر دڵم تەنگە بەهۆی ئەوەی لێرە لەسەر کەنار دەریاکە کە دەبووایە یەکێک بێت لە جوانترین شوێنەکانی وڵاتەکە، دەتوانیت بەڕاستی هەست بەوە بکەیت لە ساڵانی ڕابردوودا چی تێدا ڕوویداوە."
وتی " لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا خەڵکەکە هەموو ئەو شتانەی هەیانبوو لەدەستیاندا، یارییەکانی منداڵەکان هێشتا لەسەر قەراغی شەقامەکە ماون، خانووەکان کاول بوون، ئێرەش کە پێشتر خەڵک بۆ بەسەربردنی پشووەکانیان ڕوویان تێکردووە، بەڵگەیەکی بیندراوە لەسەر ئەوەی لە ناوەڕاستی ئەوروپادا جەنگێکمان هەیە."
دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبادا، بێربۆک بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەڕێکەوت.
ئۆکرانیا هانی ئەم جۆرە سەردانانە دەدات، دەیەوێت ڕاستیی ململانێکان و شەڕەکەی دژی هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی دۆنباس پیشانی هاوپەیمانەکانی بدات، ئۆکرانیا دەڵێت بەهۆی ئەو شەڕەوە 15,000 کەس کوژراون.
ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە. ڕەتیشی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیا هەبێت، بەڵام کۆمەڵێک داواکاری ئەمنی ئاڕاستەی ڕۆژئاوا کردووە، لەوانەش داوایکردووە هاوپەیمانێتی ناتۆ هەرگیز ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا و هەروەها سیستمی موشەکی ڕەوانەی سنوورەکانی نزیک ڕووسیا نەکات و هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکشێنێتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز