ڕاوێژکاری ئەڵمانیا: ڕۆژئاوا ئامادەن بۆ گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ ڕووسیادا سەبارەت بە ئاسایشی ئەوروپا

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، کیێڤ، ئۆکرانیا

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئۆکرانیا وتی وڵاتانی ڕۆژئاوا " ئامادەن بۆ گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ ڕووسیادا سەبارەت بە ئاسایشی ئەوروپا، هەروەها دەشیانەوێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن گرژییەکان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کەم بکاتەوە.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا لە کیێڤی پایتەختی ئەو وڵاتە، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەرگایەکی نوێی بەڕووی ڕووسیادا کردەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا هۆشدارییانداوە لەسەر ئەوەی لەوانەیە پوتن لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئۆکرانیا ئەنجام بدات، هێرشەکەش سەرەتا لەڕێی موشەک و بۆردومانکردنەوە دەبێت و دواتر هێزی سەربازیی وشکانی ڕەوانەی ناو ئۆکرانیا دەکرێن.

هێشتا ڕووسیا لێدوانی لەسەر پێشنیارەکەی شۆڵز نەداوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ داوای لە پوتن کرد بەردەوامی بدات بە گفتوگۆکان لەگەڵ ناتۆ و ئەمەریکادا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا داواکارییە ئەمنییەکانی ڕووسیایان ڕەت کردۆتەوە.

شۆڵز ڕایگەیاند ئەڵمانیا بڕی 170 ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە ڕۆژئاوا ئامادەیە " سزایەکی زۆر توندی ئابووری کاریگەر بسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات."

ڕۆژی یەکشەممە شۆڵز بە ڕۆژنامەنووسانی وت زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا " هەڕەشەیەکی زۆر زۆر مەترسیدارە." ئاماژەشی بەوەدا لەمیانەی سەردانەکانیدا بۆ ئۆکرانیا و ڕووسیا هەوڵ دەدات " ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاشتی لە ئەوروپادا."

ڕۆژی یەکشەممە ئۆکرانیا داوایکرد ڕووسیا و ئەندامانی دیکەی ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپا لە ماوەی دوو ڕۆژدا کۆببنەوە و تاوتوێی جموجۆڵە سەربازییەکانی ڕووسیا بکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا