هەفتەی داهاتوو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی ئەمەریکا تاوتوێی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا و چین دەکەن

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

بەرپرسێکی حکومەتی ئەڵمانیا وتی هەفتەی داهاتوو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە واشنتن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ململانێکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا دەکەن، هەروەها باس لە چین و کۆمەڵەی حەوتیش دەکەن.

بەرپرسەکەی ئەڵمانیا وتی ئەمەریکا و ئەڵمانیا لە نزیکەوە پێکەوە کاردەکەن لەسەر ئامادەکردنی کۆمەڵێک سزا دژی ڕووسیا ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات، وتیشی هەماهەنگیەکی نزیکش لەگەڵ فەڕەنسادا هەیە لەوبارەیەوە.

وابڕیارە ڕۆژی دووشەممە شۆڵز لە واشنتن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆببێتەوە. بەرپرسەکەی ئەڵمانیا وتی هەفتەی دواتر شۆڵز سەردانی ئۆکرانیا و ڕووسیاش دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژنامەی سەلوجە زایتونگ بڵاویکردەوە پێشبینی دەکرێت شۆڵز لە 14 ی مانگی دوودا سەردانی ئۆکرانیا بکات و لە 15 ی هەمان مانگدا سەردانی ڕووسیا بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز