ده‌رئه‌نجامی کۆنگره‌ی عه‌ره‌ب له‌ به‌غدا

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ به‌غدا 23 هه‌مین کۆنگره‌ی لوتکه‌یی عه‌ره‌ب کۆتایی‌ پـێهات.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌رئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌که‌ و ئه‌و خاڵانه‌ی ڕێبه‌رانی عه‌ره‌ب له‌سه‌ری ڕێـکه‌وتوون، حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شـی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ گۆران تۆفیق په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ به‌غدا کرد.

گۆران تۆفیق ده‌ڵێت مه‌سه‌له‌ی قه‌یرانی ناو سوریا گرنگترین بابه‌تی کۆنگره‌که‌ بووه‌ و تیایدا دوا ده‌رفه‌ت دراوه‌ته‌ سه‌رۆکی سوریا به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د بۆ جێبه‌جێـکردنی پـلانه‌که‌ی کۆفی ئه‌نانی نێردراوی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و عه‌ره‌ب بۆ مه‌سه‌له‌ی سوریا.

ده‌ڵێت پاشـان کێشه‌ی عه‌ره‌ب - ئیسرائیل گرنگی پـێدراوه‌ و جارێـکی دیکه‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب پشـتگیری خۆیان بۆ فه‌ڵه‌سـتینیـیه‌کان ده‌ربڕی و قودسیان وه‌ک به‌شێـکی خۆرهه‌ڵاتی فه‌ڵه‌سـتین نازه‌دکرد. هه‌روه‌ها ناوچه‌ی جۆلانیش به‌ ناوچه‌یه‌کی داگیرکراو له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ له‌قه‌ڵه‌م درا.

ڕێبه‌رانی عه‌ره‌ب هه‌روه‌ها بڕیاریان داوه‌ هه‌موو جۆره‌ تێرۆرێـک سه‌رزه‌نشت بکه‌ن، ئینجا له‌ ژێر هه‌ر چ ناوێـکدا بێت.

سه‌باره‌ت به‌ ئابوری وڵاتانی عه‌ره‌ب، بڕیار دراوه‌ ئابوریـیه‌کانیان یه‌ک بخه‌ن و تۆڕه‌کانی کاره‌بای وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ یه‌که‌وه‌ بـبه‌سـترێنه‌وه‌ و ئاسایشی ئاو له‌ ناوچه‌ی عه‌ره‌بی بـپارێزرێت و کار بۆ گه‌شه‌پـێـکردنی که‌رتی گه‌شـتوگوزاری وڵاتانی عه‌ره‌ب بکرێت.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 9 خوله‌كه‌.