سەرچاوەیەکی ئاسایشی و دەزگای ڕاگەیاندنی ئوردن بڵاوییان کردەوە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە تەقەکردنێک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە عەمانی پایتەختی ئوردن ڕوویداوە و سێ پۆلیسی ئوردنی بریندار بوون و چەکدارەکەش کوژراوە.
دەزگای هەواڵ پێترای ئوردن لە زاری ئاسایشی گشتییەوە بڵاویکردەوە پۆلیس تەقەی لە چەکدارێک کردووە کە تەقەی لە کۆمەڵێک پۆلیس کردووە لە گەڕەکی ڕابیەی عەمانی پایتەخت، وتیشی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاسایش وتی پۆلیس لانیکەم یەک کاتژمێر بە دوای چەکدارەکەوە بووە و دواتر دەورە دراوە و بەرەبەیان کوژراوە.
وەزیری پەیوەندییەکانی ئوردن محەمەد موئمەنی وتی تەقەکردنەکە هێرشێکی تیرۆریستی بووە کە هێزەکانی ئاسایشی گشتی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج. وتی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکرێت.
موئمەنی بە ڕۆیتەرزی وت " یاریکردن بە ئاسایشی وڵاتەکە و هێرشکردنە سەر ئەندامانی ئاسایش بە توندی وەڵام دەدرێتەوە." وتیشی چەکدارەکە تۆمارێکی تاوانی هەبووە لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.
شایەتحاڵان دەڵێن دوای ئەوەی دەنگی تەقە بیستراوە، پۆلیسی ئوردن تەوقی ناوچەیەکی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئیسڕائیلییانداوە. دوو شایەتحاڵ وتییان ئوتومبێلەکانی فریاکەوتنی خێرا بەپەلە خۆیان گەیاندووەتە ڕابیە، باڵیۆزخانەکە لە ڕابیەیە.
ناوچەکە بەردەوام خۆپیشاندانی تێدا کراوە دژی ئیسڕائیل. ئوردن یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە گەورەترین خۆپیشاندانی ئاشتییانەی تێدابووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دژی جەنگەکەی ئیسڕائیل لەگەڵ حەماسدا لە غەززە.
زۆربەی دانیشتوانە 12 ملیۆنییەکەی ئوردن بە ڕەچەڵەک فەلەستینین، خۆیان یاخود باوک و دایکییان لە دوای شەڕەکەی ساڵی 1948 ەوە کە بووە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل، دەرکراون یاخود هەڵاتوون بۆ ئوردن. زۆرێکییان پەیوەندی خێزانییان هەیە لەگەڵ سنووری ئیسڕائیلدا لە ڕووباری ئوردن.
پەیماننامەی ئاشتی ساڵی 1994 ی ئوردن لەگەڵ ئیسڕائیلدا لەلایەن زۆرێک لە ئوردنییەکانەوە نەخوازراوە، ئوردنییەکان پێیان وایە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ناپاکیکردنە لە مافی فەلەستینییەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز