لە هێرشێکدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی مۆگادیشۆی سۆماڵ 6 کەس گیانیان لەدەستداوە

پۆلیسی سۆماڵ وتی بەهۆی هێرشێکی دوو چەکدارەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ لانی کەم شەش کەس گیانیان لەدەستداوە.

وتەبێژی پۆلیس عەبدیفەتاح عەدەن حەسەن وتی لەنێو ئەوانەی بەهۆی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستداوە هاوڵاتییەکی سۆماڵی و پێنج هاوڵاتی بیانییان تێدابووە. دوو چەکدارەکەش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژراون.

حەسەن وتی یەکێک لە بیانییەکان سەربازێکی هێزەکانی ئاشتی پارێزی یەکێتی ئەفریقا بووە. وتی چوار بیانییەکەی دیکە ڕاهێنەر بوون و یارمەتی حکومەتی سۆماڵیانداوە لە مەشقەکانی تەقەمەنیدا.

ڕێکخراوی ئەل شەباب بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.

حەسەن بە دەنگی ئەمەریکای وت ڕۆژی چوارشەممە دوو چەکدارەکە هێرشیان کردۆتەسەر دەروازە دەریاییەکەی فڕۆکەخانەکە و " ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش " بوونەتەوە.

بارەگای هێزەکانی ئاشتی پارێزی یەکێتی ئەفریقا و زۆربەی دیبلۆماتکارە بیانییەکان لە فڕۆکەخانەکەدان.

شایەتحاڵان و بەرپرسانی ئاسایش وتی تەقەکردنەکە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی فڕۆکەخانەکەدا ڕوویداوە، لەو بەشەشدا ژمارەیەکی زۆر لە دوکانی تێدایە.

بەرپرسێکی ئاسایش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت چونکە ڕێگە پێدراو نەبوو لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا قسە بکات، بە دەنگی ئەمەریکای وت چەکدارەکان چەکی بچووک و نارنجۆکییان بەکارهێناوە. وتی لانی کەم 3 پۆلیس لە هێرشەکەدا برینداربوون.

ئەل شەباب وتی چەکدارەکانی تەقەیان لە کۆمەڵێک خەڵک کردووە و ئاگرییان لە بینایەک بەرداوە. پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە مۆگادیشۆ دوکەڵی بینیوە لەو ناوچەیەی فڕۆکەخانەکەدا بەرزبۆتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەکەی تیادا ڕوویداوە.

لە ساڵی 2009 ەوە ڕێکخراوی ئەل شەباب چەند جارێک هێرشیان کردۆتەسەر فڕۆکەخانەکە و دەیان کەسیان کوشتووە.


سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا