باندێکی چەتەی هایتی 17 ئەندامی ڕێکخراوێکی مرۆیی ئاینی ئەمەریکی دەڕفێنن

باندێکی چەتەی هایتی کە بەناوبانگن بە ڕفاندن و کوشتن، لەلایەن پۆلیسەوە تۆمەتبارکران بە تۆمەتی ڕفاندنی 17 ئەندامی ڕێکخراوێکی مرۆیی ئاینی ئەمەریکا، باوەڕ وایە پێنج منداڵ لەنێو ئەو کەسانەدا بووبێتن کە ڕفێندراون.

چەتەی ماۆزۆی 400 گروپەکەیان لە گانتیر ڕفاندووە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پۆرت ئو پرینیسی پایتەختی هایتیەوە. ئەفسەری پۆلیسی هایتی فرانتز شامپان بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت لەمدواییانەدا چەتەکان پێنج قەشە و دوو ڕەبەنیان ڕفاندووە.

پۆلیسی هایتی دەڵێت ناوچەی کرواخ دی بۆکێتس لەژێر دەسەڵاتی چەتەکاندایە، بە گانتێریشەوە، کە لەوێ ڕفاندن و ئوتومبێل دزین و تاوانی دیکە ئەنجام دەدەن.

ڕێکخراوی مرۆیی مەسیحی لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمەریکا وتی ئەو گروپەی ڕفێندراون لە 16 هاوڵاتی ئەمەریکی و کەنەدییەک پێکهاتوون، پێنج منداڵ و حەوت ئافرەت و پێنج پیاویان تێدایە، ڕێکخراوەکە دەڵێت گروپەکە بەمەبەستی سەردانیکردنی خانەیەکی منداڵانی بێ باوک و دایک سەردانی هایتیان کردووە.

ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەدا ڕێکخراوەکە وتی ستافە ئەمەریکیەکە دوای نۆ مانگ گەڕاونەتەوە بۆ بنکەکەیان لە هایتی، هۆکارەکەشی " خۆپیشاندانە سیاسییەکانی هایتی " بووە.

دوای ئەوەی سەرۆکی هایتی جۆڤێنێڵ مۆیس لە 7 ی مانگی حەوتدا لە شوێنی مانەوەی خۆی بە فیشەک کوژرا و بومەلەرزەیەکی بەهێز لە مانگی هەشتدا لە وڵاتەکەیدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 2,200 کەس، چەتەکان دووبارە لە هایتی سەریانهەڵداوەتەوە.

نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر پۆلیسی هایتی فەرمانی دەستگیرکردنی ڕابەری چەتەکانی ماۆزۆی 400 ی دەرکرد، کە بە تۆمەتی کوشتن و هەوڵدان بۆ کوشتن و ڕفاندن و ئوتومبێل دزین و تاڵانکردنی بارهەڵگرەکان تۆمەتبارکراوە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات وتی ئەمەریکا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی هایتی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی پۆلیسی نیشتیمانی هایتی، لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی 2021 دا لانی کەم 328 کەس لە وڵاتەکە ڕفێندراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا