ژنانی ئاواره‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌: حاڵه‌ته‌کانی توندوتیژی که‌میان کردووه‌ به‌ڵام هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ زیادیکردووه‌

به‌هۆی ڕووداوه‌کانی سوریا و عێراق و شه‌ڕه‌کانی داعشه‌وه‌ ، ده‌یان ئاواره‌ی عه‌ره‌ب و سوریایی ڕوویان له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ کردووه‌، ژنانی ئاواره‌ له‌ ڕۆژی جیهانی توندوتیژی دژ به‌ ژناندا ده‌ڵێن ، حاڵه‌ته‌کانی توندوتیژی له‌ ناو ژنانی ئاواره‌دا هه‌ن ، به‌ڵام وه‌ک ژماره‌ که‌میان کردووه‌ ، له‌ به‌رامبه‌ردا هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ له‌ناو ژنانی ئاواره‌دا زۆرە به‌هۆی خراپی دۆخی ئابوریه‌وه‌. چالاکوانێکی ژنانیش ده‌ڵێت ئه‌وه‌نده‌ وتیان هه‌ڵه‌بجه‌ توندوتیژی تێدا نیه‌، ڕێکخراوه ‌بیانیه‌کانیش ئاماده‌ی کردنه‌وه‌ی شێڵته‌رێک نین له‌ شاره‌که‌دا.

هێڤا ئه‌حمه‌د چالاکوانێکی ژنه‌ و خه‌ڵکی سوریایه‌، ڕۆژانه‌ و هه‌فتانه‌ بۆ کاری میدیا و چاودێریکردنی ڕه‌وشی ژنانی ئاواره‌ سه‌ردانی ئاواره‌کان ده‌کات، له‌ لێدوانێکدا به‌ ده‌نگی ئه‌مەریکای راگه‌یاند حاڵه‌ته‌کان وه‌ک ژماره‌ که‌میان کردووه‌، به‌ڵام هێشتا توندوتیژی هه‌یه‌، هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت له‌ ناو ژنانی ئاواره‌ به‌هۆی قه‌یرانی دراییه‌وه‌ زیادی کردووه‌ .

ڕه‌نگین سه‌لام چالاکوانێکی ژنانه‌ و به‌رده‌وام له‌ ڕێگه‌ی ڕێکخراوه‌کانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌دا مامه‌ڵه‌ده‌کات که‌ توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت ، له‌ لێدوانێکدا به‌ ده‌نگی ئه‌مەریکای ڕاگه‌یاند، ئه‌و ئامارانه‌ی که‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بڵاوده‌کرێنه‌وه‌ ده‌ڵێن توندوتیژی نیـیه‌، ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته‌ ، ئه‌وه‌نده‌ وتراوه‌ توندوتیژی نیـیه‌، نه‌ حکومه‌ت و نه‌ ڕیکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ئاماده‌ نین، شێڵته‌رێک بۆ په‌نادانی ژنان بکه‌نه‌وه‌ .

له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ هیچ که‌مپێک بۆ ئاواره‌کان دروست نه‌کراوه‌، ڕاسته‌وخۆ ئاواره‌کان له‌ناو گه‌ره‌ک و کۆلانه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌، نیشته‌جێ‌ بوون ، به ‌ڕای ئه‌و چالاکوانه‌ ژنه‌ ئاوارانه‌ی که‌ ئێستا له‌ ڕادیۆیه‌کی ناوخۆیی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌فتانه‌ به‌رنامه‌ی ئاواره‌کان پێشکه‌ش ده‌که‌ن، دەڵێن حاڵه‌ته‌کانی توندوتیژی که‌میان کردووه‌، به‌ڵام هاوسه‌رگیری به‌زۆر و پێشوه‌خته‌ش له‌ زیادبووندایه‌ .

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی فەرحان هەورامانی